رێكخراوێكی مافی مرۆڤ كە چاودێری دۆخی ئێران و رۆژهەڵات دەكات رایگەیاند” گەنجێکی خەڵکی شاری سنە بەناوی ( ڕامین فاتیحی) خەڵکی سنە کە ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵ خوشک و براکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شار سنە ڕفێندرابوون، لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە”.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ناوەندە ئەمنییەکان هەواڵی گیان لەدەستدانی ڕامینیان بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە.
لە راپۆڕتی رێكخراوەكەدا هاتووە “یەکێک لە کەسە نزیکەکانی بنەماڵەی رامین ڕایگەیاندووە” ئەو گەنجە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە، بەڵام ناوەندە ئەمنییەکان بە کەسوکارەکەیان گووتووە کە کوڕەکەیان لە بەندی تاکەکەسی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات خۆی کوشتووە”.
دوێنێ شەممە، مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی ڕامین فاتیحی بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی ڕێکخراوە مرۆییەکانی ئێران، ڕامین لەگەڵ برایەکی و خوشکێکی بەناوەکانی وریا و ڕادا، لە ١٤ی ئەم مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرابوون، لەدوای گیان لەدەستدانی ڕامین، چارەنووسی خوشک و براکەشی نادیارە.