خەڵات محەمەد ئیراهیم
عێڕاق لەم ماوەیە تا دەهات هەل و مەرج و بارودۆخی سیاسی بەرەو خراپی دەچوو، بەهۆی بە تەنگەوە نەهاتنی حکومەتی عێڕاقی لە داواکارییەکانی گەل، ئەمەش وایکرد پارتە سیاسیەکان لە یەکتری نزیکبنەوە و کار بکەن بە ئامانجی لەناوبردنی سیستەمی حوکمڕانی پاشایەتی و لەکارخستنی کابینەی نوری سەعید و بەرەنگاربوونەوەی وڵاتە داگیرکەرەکان مەبەستیان بەریتانیا بوو زیاتر، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگەدان بە ئازادی دیموکراتی دەستوری.
لە پاڵ دروستبوونی هەر پارت و ڕێکخراوێک کۆمەڵێک ئامانج و پاڵنەر هەن، ڕێکخراوی ئەفسەرە ئازادیخوازەکانیش کە لە دوای جوڵانەوەی ساڵی ١٩٤١ سەرەتا بە پەیوەندی تاکەکەسی لەنێوان ئەفسەرانی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەران پێکهات، پەیوەندیەکی تۆکمە هەبوو و لە نێوانیان جێگای متمانەی یەکتر بوون، بەپێی زۆربەی سەرچاوەکان فکرەی دروستبوونی ئەفسەرانی ئازادیخواز دەگەڕێتەوە بۆ کەسایەتیەک بەناوی(ڕەفعەت حاجی سری)،
لە ساڵی ١٩٥٢ بە فەرمی ڕێکخراوی ئەفسەرانی ئازادیخواز دادەمەزرێ، پارتە سیاسیەکانی عێڕاق لە یەکتری نزیک بوونەوە بەرەیەکیان پێکهێنا بەناوی (بەرەی یەکێتی نیشتمانی)لە ساڵی ١٩٥٧ یەکەمین بەیاننامەی دامەزراندنی بەرەی یەکێتی نیشتمانی ڕاگەیەنرا، بەرەکە لە حیزبەکانی(پارتی سەربەخۆیی-بەعسیی سۆسیالیستی-حیزبی شیوعی عێڕاق-پارتی نیشتمانی دیموکراتی)پێکهاتبوو.
لە پێش شۆڕش پلانی زۆر دانران لەلایەن ئەفسەرانی ئازادیخواز بۆ کوشتنی هەر سێ دەسەڵاتداری عێڕاق مەلیک فەیسەڵ و عبدولئیللا و نوری سعید، لە گرینگترین پلانەکان دانانی پلانێک بوو لەلایەن ئەفسەرانی ئازادیخواز لە یادی دامەزراندنی سوپای عێڕاقی بۆ ئەم مەبەستەش دوو پلان تاوتوێکران پلانی یەکەم: عبدلکریم قاسم پێشنیاری کرد لە کاتی تێپەڕبوون تەقە لە هەرسێ دەسەڵاتدار بکرێن، بەڵام ئەم پێشنیارە بە زۆرینەی دەنگ ڕەتکرایەوە،چونکە نەیاندەویست مەلی فەیسەڵ و خەڵکی بێتاوان بکوژن. لە پلانی دووەم: سەرهەنگی ڕوکن ناجی تاڵب پێشنیاری لە کاتی یادکردنی سوپای عێڕاق هێرش بکرێتە سەر کۆشکی ریحاب و ڕادیۆو دەستگیرکردنی هەرسێ دەسەڵاتدار، بەڵام ئەم پلانەش لەلایەن عبدالسلام محمد عارف ڕەتکرایەوە. لە بەرەبەیانی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ دوای ئەوەی عبدالسلام عارف تەواوی پلانی شۆڕشی داڕشتبوو، دەستی کرد بە دابەشکردنی تەقەمەنی بەسەر هێزەکان بەرەو بەغدا هەنگاویان نا دەستیان گرت بەسەر باڵاخانەی ڕادیۆ تیایدا عبدالسلام لە پەخشی ڕادیۆکە گووتی “ئەمە شۆڕشەکەتانە، بنەماڵەی پاشایەتی لەناوبران ، ڕژێمی پاشایەتی هەرەسی هێنا، لەگەڵ هەرەسیشدا هەموو خراپە و گەندەڵیەکانیش هەرەسیان هێنا”، ئەفسەرانی ئازادیخواز لەگەڵ بەرپاکردنی شۆڕش دەیانەویست هەرچۆنێک بێت هەر سێ دەسەڵاتدار بە زیندووی و بە مردوویی دەستگیر بکەن، چونکە لە ئەنجامی دەستگیر نەکردنیان نەبادە دووبارە بە هاوکاری بەریتانیا بێنەوە سەر دەسەڵات.
هەر هەمان بەیانی چواردەی تەمموز هێزی سەربازانی ئازادیخواز پەلاماری کۆشکی (ریحاب)یاندا، بینای کۆشکیان گوللە باران کرد و هەر لەگەڵ دەستپێکردنی تەقەکە پاشا و عبدولئیللا و ژنانی بنەماڵەی پاشایەتی لە سەرەوە کۆشک هاتنە خوارەوە، لە کاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ فەرماندەی هێزە سەربازیەکە لە پڕێکدا لە لایەن (عبدلستار سەبع العبوسی) دەستڕێژیی گوللەیان لێکراو، دەستبەجێ لەو شوێنەدا پاشا و عبدولئیللا و چەند ئەندامێکی بنەماڵەی پاشایەتی کوژران، بەڵام ئەو هێزەی بۆ ماڵی نوری سەعید ڕاسپێردابوو لە ناوچەی (کەرادە مەریەم) نەیانتوانی ناوبراو بگرن، چونکە پێشتربە ئاگا هاتبووەوە بۆ کەناری ئەوپەڕی ڕووباری دیجلە هەڵات.
لە کۆتاییدا سیستەمی پاشایەتی ڕووخێندرا لەلایەن ئەنجامدەرانی شۆڕش، سیستەمێکی نوێی حوکمڕانیان پێکهێنا بە ناوی سیستەمی کۆماری.
لیستی سەرچاوەکان:-
1_پ.ی.د لوقمان خەیاڵی-(٢٠٢١)-عێڕاق لەسەردەمی پاشایەتی هاشمیدا ١٩٢١-١٩٥٨ز-چ(١).
2_چارلز تریب-(٢٠١٠)-چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی عێڕاق-چ(٣)-و.محەمەد حوسێن ئەحمەد_عبدولقادر کەلهور.
3_ئەحمەد حەمەدئەمین-(٢٠١٠)-چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی نوێ و هاوچەرخی عێڕاق-چ(١).

































































