زارى کرمانجى-ڕواندز:
لە سنوورى قەزاى ڕواندز، نزیکەى هەزار خاوەن پێداویستى تایبەت هەیە، بەڵام تا ئێستە زیاتر لە ٣٠٠ کەسیان مووچە وەردەگرن و ئەوانى دیکە چاوەڕێى لیژنە دەکەن.
ئاسوودە عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەرى بنکەى چاودێرى و گەشەپێدانى کۆمەڵایەتى ڕواندز، لەمبارەیەوە بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ” لە سنوورى قەزاى ڕواندز ٣٠٠ خاوەن پێداویستى تایبەت، بە فەرمى مووچە لە بانک وەردەگرن، ناوى ١٥٠ خاوەن پێداویستى دیکەش بەرزکراوەتەوەو رەزامەندی لەسەر کراوە، بەڵام تا ئێستە مووچەیان بۆ خەرج نەکراوە”.
هەروەها روونیشیکردەوە، ” زیاتر لە ٥٠٠ خاوەن پێداویستى تر لە جۆرەکانى (نابینا، نابیست، جەستەیى، شیزۆفینیا) ناویان تۆمار کراوەو چاوەڕێى لیژنەى پزیشکى دەکەن، بەڵام تا ئێستە لیژنە داواى بینینیان نەکردوون، بۆ دیاریکردنى ڕێژەى کەمئەندامییەکەیان”.
ئاماژەى بەوەشکرد، ” لەوانەیە ژمارەى خاوەن پێداویستی تایبەت لە سنوورى ڕواندز زیاتر بن، بەڵام لەلاى ئێمە تۆمار نەکرابن، بە تایبەت لە جۆرى ئۆتیزم، چونکە خێزانەکان حەز ناکەن هەندێ جۆرى نەخۆشى منداڵەکانیان ئاشکرا بکەن”.