مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە دوا یاریی كلاسیكۆی نێوان بارسێلۆنا و ڕیال مەدرید، كوڕە سوور پۆشەكانی هەرێمی كەتەلۆنیا توانیان یارییەكە بە چوار گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانە شاهانەكە ببنەوە، ئەمەش وای كرد كە بەشێك لە هاندەرانی ڕیال، قسەی ڕەگەزپەرستانە و ڕەفتاری نابەجێ بەرامبەر بە لامین یامال و چەند یاریزانێكی دیكەی بارسێلۆنایان كرد.
دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسی ئیسپانیا ناسنامەی حەوت لەو هاندەرانی ئاشكرا كرد و تۆمەتەكەیان بەسەردا ساغ بووە، دادگای مەدرید سزای دارایی بەسەردا سەپاندن بە پێ بژاردنی 5 هەزار یۆرۆ بۆ هەر یەكێكیان و لەگەڵ قەدەخەكردنی چون و دەركەوتنیان لە نێو یاریگاكان بۆ ماوەی 12 مانگ .
سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەكانی مەدرید ئاشكرایان كرد، لەبەر ئەوەی تەمەنی لامین یامال لە خوار 18 ساڵییەوە، بۆیە دادگا سزای ئەو حەوت كەسەی قورستر كردووە و بڕی پێ بژاردنەكەی لە چوار هەزار یۆرۆوە بەرزكراوەتەوە بۆ پێنج هەزار یۆرۆ.