مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بڕیارە ئەمڕۆ دووشهممه 2ـى 12ـى 2024، یەكەمین كۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە میوانداری 19 كونسوڵ و دیپلۆماتكارانی وڵاتانی جیهان بەڕێوە بچێت.
بەپێی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان، هەر یەك لە نوێنەرانی وڵاتانی (ئەمەریكا، بەریتانیا، چین، ڕووسیا، ئەڵمانیا، ژاپۆن، یۆنان، پۆڵەندا، كۆریای باشوور، هەنگاریا، ئەرمینیا، توركیا، میسر، ئێران، قەتەر، ئوردن، فەلەستین، كوێت) میوانی یەكەمین كۆبوونەوەی ئەم خولەی پەرلەمان دەبن .
هەر بە گوێڕەی ڕاگەیاندراوەكەی پەرلەمان، كارنامەی یەكەمین كۆبوونەوەی پەرلەمان لە چوار بڕگە پێك دێت :
یەكەم: كردنەوەی كۆبوونەوەكە بە چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز.
دووەم: یەك خولەك بێدەنگ وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان.
سێیەم: بانگهێشتكردنی بەتەمەنترین كاندیدی ئامادەبوو، لە پاڵێوراوانی سەركەوتووی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە لایەن سەرۆكی دیوانی پەرلەمان بۆ سوێندخواردن و بەڕێوەبردنی كۆبوونەوەكە؛ بەپێی حوكمی بڕگەی دووەمی ماددەی 11 و بڕگەی یەكەمی ماددەی 12 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان.
چوارەم: سەرۆكی یەكەم كۆبوونەوەی خولی شەشەم، كاندیدە هەڵبژێرراوەكان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان – عێراق بانگ دەكات بۆ سوێندخواردنی یاسایی، بەپێی حوكمی بڕگەی دووەمی ماددەی 12 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، پاشان كۆبوونەوەكە لەلایەن سەرۆكی یەكەم كۆبوونەوە، بەپێی حوكمی ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە دەبرێت.































































