زاری كرمانجی-سیدەكان
رێكخراوی مێرگەمیر بۆ پاراستی ژینگە بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، هەڵمەتێكی هوشیاریان دەستپێكردووە و بڕیارە پەیامەكەیان بگەیننە زۆرترین قوتابخانەكانی دەڤەرەكە .
دڵشاد عەبدوڵڵا سەرۆكی رێكخراوی مێرگەمیری ژینگەیی، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” ماوەی چەند ڕۆژێكە لە ژێر دروشمی ” پاراستنی سروشت شۆڕشێكی سەردەمیانەیە ” دەستمان بە هەڵمەتەكە كردووە و ئامانجمانە هوشیار كردنەوەی قوتابیان و تاكەكانی كۆمەڵگەیە لە پاراستنی ژینگە و سروشتی جوانی كوردستان، لە نزیكەوە گفتۆگردنە تا ببن بە دۆستی ژینگە.
زیاتر گووتی:” لە چەندین قوتابخانەی دەڤەری برادۆست و دیانا لە لایەن كارگێڕانی رێكخراوەكەمان پەیامی هوشیاری وترایەوە كە خۆی لە چەندین بابەتی ژینگەی جۆرا و جۆر دەبینێتەوە و دواتر رێنمای و پۆستەری هوشیاری ژینگەی بەسەر قوتابیان و فێرخوازان دابەش كرا، بڕیارە ئەو پەیامە هوشیاریە بگەینینە بەشی زۆری قوتابخانەكانی سنووری ئیدارەی سۆران.
دلشاد عەبدوڵڵا، دووپاتی كردەوە، زۆر گرنگە هەموومان بەیەكەوە بتوانین ژینگە بپارێزین و رێژەی سەوزای زیاد بكەین، چونكە پیس بوونی ژینگە و گۆڕانی كەش و هەوا بە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی لە ناوچوونی مرۆڤ دادەندرێت و لە داهاتووش دەبێتە كێشە و گرفتی زۆربەی وڵاتان .































































