مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، پەیامێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی “گۆڕانكارییەكان لە باكوور و ڕۆژئاوای سووریا زۆر بە خێرایی ڕوو دەدەن، هێزەكانمان لە چەند بەرەیەكەوە ڕووبەڕووی هێرشی چڕ بوونەتەوە،”
ئاماژەی بەوەش كردووە كە دوای تێكشكانی سوپای سووریا كاریان كردووە بۆ كردنەوەی ڕێڕەوێكی مرۆیی لەنێوان ناوچەكانیان و حەلەب و تەل ڕەفعەت بۆ پارێزگاریكردن لە گەلەكەیان لە كۆمەڵكوژیی، بەڵام هێرشی گرووپە چەكدارەكانی هاوپەیمانانی توركیا ڕێڕەوەكەیان بڕیوە و تێكشكاندوە و دەشڵێت “لەگەڵ تەواوی لایەنە ئاگادارەكانی سووریا لەسەر هێڵین بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانمان لە تل ڕەفعەت و شەهباوە بۆ ناوچە سەلامەتەكانی باكوور و ڕۆژهەڵات.”
عەبدی جارێكی تریش جەختی لەوە كردەوە كە هێزەكانیان بەردەوام دەبن لە پارێزگاریكردن لە هاووڵاتییانی كورد لە گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب.
































































