میدیای فەرمیی سووریا رای گەیاند، لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی ئەسەد و سوودانیدا، سەرۆكی سووریا داوای كردووە گرووپە چەكدارەكانی عێراق بەشداربن لە تێكشكاندنی میلیشیاكانی تەحریر شام.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی سووریا، سوودانی ئامادەیی هەموو پشتیوانییەكی بۆ ئەسەد دووپات كردووەتەوە و پێی گوتووە، یارمەتی دارایی و سەربازیی سووریا دەدەین بۆ ئەوەی تیرۆریستان نەتوانن بگەنە ئامانجەكانیان.
ماڵپەڕی بەغداد ئەلیەوم ئەمڕۆ یەكشەم یەكی كانوونی یەكەم، لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو ڕووسیاوە بڵاوی كردەوە، دوای دەستپێكردنی ئەو هێرشەی كە ماوەی چەند ڕۆژێكە گرووپە چەكدارەكانی سووریا بۆ سەر حەلەب و هەندێك ناوچەی ئەو وڵاتە بەرپایان كردووە، بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا پێوەندیی بە بەرپرسێكی باڵای حكوومەتی عێراقەوە كردووە، داوای كردووە یارمەتیی بدەن و هاوكاریی سەربازیی بكرێت، ئەوەش لە ڕێگەی ناردنی گرووپە چەكدارەكانی عێراق بۆ سووریا.
بەپێی سەرچاوەكە، ئەو كاربەدەستەی حكوومەتی عێراق بەڵێنی ناردنی هێزی بە ئەسەد نەداوە و پێی وایە، دەنگۆی ئەنجامدانی كودەتا لە سووریا، هۆكاری نەچوونی گرووپە چەكدارەكانی عێراقە بۆ ئەو وڵاتە.
بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان، ئێستە زەحمەتە هێزی چەكداری گرووپە شیعییەكان بتوانێت بچێتە سووریا، چونكە ئەگەری پەلاماری ئیسرائیل و ئەمەریكاش لە ئارادایە، بەم كارەش دۆخی بەرەی مقاوەمە تەواو ئەستەم بووە.
سەرچاوە میدیاییەكان باس لە چوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ سووریا دەكەن و پێیان وایە، دواكاری هێزەكانی مقاوەمە ئێستە ئەوەیە رێ لەو پەلاماردانانەی گرووپە توندڕەوە سوننییەكان بگرن، ئەو رێڕەوەی چەندان ساڵە وەك رێڕەوی شیعە لە ناوچەكەدایە هەیە رێگە نەدەن ببڕێت.