د. هودا محیەدین، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان، منداڵ بوون و نەزوكی
پێویستە هەموو ئافرەتێك پێش سكپڕی كێشی لەشی بزانێ بۆ ئەوەی لە ماوەی سكپڕیدا بزانێ كێشەكەی تا چەند زیاد دەكات، ئەوەی كە روون و ئاشكرایە كێشی ئافرەت لەماوەی سكپریدا زیاد دەكات و شارەزایی دایكانی سكپڕ لەم گۆڕانكارییە كارێكی ئێجگار گرنگە، هۆكاری زیادبوونی كێش بریتییە لە كێشی كۆرپەكە لە قۆناغە جیاوازەكان بەجۆرێك دەكاتە كەمتر یان زیاتر لە 3 كگم لەكاتی لەدایك بووندا، زیادبوونی كێشی منداڵدان بەبڕی یەك كیلۆ لەسەرووی كێشە ئاساییەكەی خۆیەوە، سەرەڕای ئەمانەش زیادبوونی كێشی مەمك و قەبارەی شلەكانی لەش.
بەگوێرەی راپۆرتی تایبەتی كۆلیژی ژنان و منداڵ بوونی ئەمریكی ئاماژە بەوە دەدات كە زیادبوونی كێشی ئافرەت لەماوەی سكپڕیدا بە بڕی 11 بۆ 15 كغم، ئەو ئافرەتانەی كە كێشیان كەمە پێش سكپڕی، كێشیان لە ماوەی سكپریدا بەبڕێكی زیاتر لەباری ئاسایی زیاد دەكات بەجۆرێك دەگاتە 12.5-18 كغم، بەڵام ئەگەر ئافرەتەكە خۆی كێشی لەشی زۆربوو پێش منداڵبون ئەوا كێشەكەی كەمتر زیاد دەكات لە ماوەی سكپڕیدا بەجۆرێك بڕەكەی بریتی دەبێت لە6.5-11 كغم.
لێكۆڵینەوەكان پیشانیان داوە ئەو ئافرەتانەی كە بڕی كێشی لەشیان زیاتر بێت لەباری ئاسایی لە ماوەی دووگیانیدا ئەوا ئەگەری تووشبوونیان بەقەڵەوی بەهێز دەبێت لە دەساڵی داهاتوودا.
پزیشكەكان لەماوەی دووگیانیدا گرنگی بە كێشی لەش دەدەن لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:
-گرانی دابەزینی كێش پاش لە دایك بوونی كۆرپەكەی، وەكو دەزانین كارێكی گرانە و زیانمەندە ئەگەر دایكەكە بیەوێت كێشی خۆی داببەزێنێت پاش منداڵبون بەهۆی گرتنەبەری سسیتەمی دیاری كراو لە خۆراك، چونكە ئەم كاتە ماوەی شیردانە و دایكەكە پێویستی بە خۆراكی جۆراەجۆر هەیە، لێرەوە پزیشكەكان هەوڵدەدەن كە زیادبوونی كێش لەكاتی دووگیانیدا بەجۆرێكی زیاد لە پێویست نەبێت چونكە دواتر ناتوانێت بەئاسانی خۆی لێ رزگار بكات.
-زیادبوونی زۆر و توندی كێش، واتە زۆرتر لەباری ئاسایی، لە ساتە وەختەكانی كۆتایی دووگیانی هێمایەكە بۆ كۆبوونەوەی شلەكان لەلەشدا زیاتر لەوەی هۆكارەكەی كەڵەكەبوونی چەوری بێت لەلەشدا، هەرجۆرێك لە زیادبوونی توندی لەم جۆرە بە نیشانەیەكی مەترسیدار دادەنرێت و دەگونجێت پەیوەندی بەبەرزبونەوەی فشاری خوێنەوە هەبێت.
-گیروگرفتی كاتی لەدایك بوون دەگونجێ زیاد بكات ئەگەر هاتوو كۆرپەكە قەڵەوتر بێت بە ڕادەیەكی زۆر لەباری ئاسایی.
- لەوانەیە كێشی ئافرەت بەشێوەیەكی كەم لە هەفتەكانی كۆتایی سكپڕیدا بەرەو كەمبوونەوە بچێت بەهۆی هەڵمژینی ئەو ئاوەی كە دەوری كۆرپەكەی داوە لەناو منداڵدانیدا، چونكە ئاویش كێشی هەیە و بەجۆرێك كە هەڵمژینەكە زۆر زیاتر بێت لە بڕی دروست بوونەكەی و بەم جۆرەش قەبارەی كەم دەبێتەوە و كێشی ئافرەتەكە كەم دەبێتەوە ئەمەش بە بارێكی ئاسایی دادەنرێت.
تێبینی: زیادنەبوونی كێش لە هەفتەی32 تا40 ماوەی سكپڕی بارێكی نائاساییە و پێویستی بە پشكنین و بەدواداچوونی پزیشكی هەیە لەلایەن پسپۆڕی ژنان و منداڵبوونەوە، چونكە لەم حاڵەتەدا ئەگەری هەیە منداڵەكە لە گەشەكردن وەستابێت و دوای گەیشتن بە ئەنجامی كۆتایی پزیشك بڕیار لەسەر رێگا چارەی پێویست دەدات.