مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕوانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە هێزەكانی حكومەتی سووریا لە ناوچەی شەهبای كوردنشین بەرەو رۆژهەڵاتی حەلەب كشاونەتەوە و دوای ئەوە هێزە كوردییەكان گەیشتوونەتە ناوچەكە و بە خێرایی بەرەو شارۆچكەكانی تەلحەفەر، تەلعران، تەلحەسێل و گوندەكانی دیكەی لادێكانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب پێشڕەوییان كردووە.
رونگەی ناوبراو ئاشكراشی دەكات كە لە رۆژی پێنجشەممە هێزەكانی رووسیا لە خاڵی سەربازی تەل ڕفعەت و فڕۆكەخانەی سەربازیی مینغ كشاونەتەوە، كە هاوكات بووە لەگەڵ هێرشەكانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەكدارە هاوپەیمانەكانی نزیك لە توركیا بۆ سەر پارێزگای حەڵەب.
روانگەی سووریا ئاماژە بەوەش دەكات كە هێزێكی زۆری دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەكدارە هاوپەیمانەكانی بە تانك و چەكی قوڕسەوە لە ناوچەی “قەڵغانی فورات” لەگەڵ ناوچەكانی ئەنجومەنی سەربازی منبج جێگیركرابوون.