رێبوار حەمەلاو شوانی
لە دوای هەڵبژاردنەکانی 20ی ئۆکتۆبەری 2024 و راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان ، لە ئێستەدا هەموو چاوەکان وچاوەروانییەکانی خەڵکی کوردستان لە سەر پێکهێنانی کابینەی دەیەم و حکوومەتێکی نوێیە تا سەرکردایەتی پەڕینەوەی کاروانێکی پر لە بەرپرسیاریەتی و خزمەتگوزاری خەڵکی کوردستان بکات ، تێیدا هەرێمی کوردستان هەر لە هەڵەبجەوە و تا زاخۆ بگەێنێتە کەناڕی دڵنییایی و ئارامی و ژیانێکی پڕ لە بەختەوەری بۆ ئەم مەبەستەش خەڵکی کوردستان بە بەشداری ملیۆنی خۆی سەلماندی کە چەندە پەرۆشی قەوارەی هەرێمی کوردستان و سەروەرییەکانێتی ، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە کە لایەنە سیاسییەکانی بەوپەری بەرپرسیاریەتییەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن بە رامبەر بە خواست ن خزمەتکردنی گەل و نیشتیمانەکەیان.
ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە بە گفتوگۆی بونیاتنەرانە و لێکتێگەیشتنی دروست ،ڕەچاوگرتنی بەرژوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان و بەهەند وەرگرتنی دەنگی دەنگدەرەکانیان و ڕێزگرتن لە دیموکراسی و ئیرادەی خەڵکی کوردستان و ئینجا دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و بە پێی ڕێژەی دەنگ و کورسییەکان و دانانی هیچ شەرت و مەرجێکی پێشوەختە و دووبارە نەکردنەوەی ئەزموونی رابردوو و لە سەر بنەمای ڕەچاوگرتنی هەلومەرج و رەوشی ناڵەباری ناوچەکە و دەوربەرمان و هەر لایەنەوە بە پێی ئەو مافەی کە بەدەستی هێناوە حکوومەتێکی بەهێزتر وکاراتر پێکبهێنرێت ، چونکە ئەوە رەوشە هەستیارە وادەخوازێت کوردوکوردستانمان لە هەموو بەرژوەندییەکی کەسی و حزبی خۆشتر بوێت لە بەر ئەوەی :
یەکەم ،، شاراوە نییە ، کوردستان وەک جوگرافیا و لە شوێنی هەستیارو ستراتیژ دایە بە هەموو بەشەکانییەوە ، ئەو دەوڵەتانەی کە لە دەوروبەرین زانراو و ناسراون , بەشێوەیەک ئەگەر لە سەر هەموو شتێک ناکۆکییان هەبێت , ئەوا لە سەر دۆزی کورد و دژایەتیکردن و هێرش وپەڵاماردانی کۆک و هاوڕان و مێژوویش گەواهیدەری ئەو راستییەیە .
دووەم ،، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین بە رەوشێکی زۆر خراپ و دژوار دا گوزەر دەکات ، لە هەموو لایەک ئاگڕەکە بڵێسە دەدات و بزیشک دەپرژێنێت ، ئەگەر چڕبوونەوەی زۆرە و چاوەروان دەکرێت گڕەکەی بە هەموو ناوچەکەدا بڵاو بێتەوە و بەتایبەتی بۆ ئێمەی گەلی کورد و هەرێمی کوردستانیش ئەگەر قەوارەی و حکوومەتێکی بەهێز و تەبامان نەبێت زۆر مەترسیدار دەبێت .
سێیەم ،، لای هەموو خەڵکی کوردستان روونە کە لەماوەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم تا بە ئەمڕۆ ، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و کۆسپانەی کە لە بەردەم هەنگاوەکانی ئەم حکوومەتە چ لە سەر ئاستی نێوخۆیی و دەرەکیش دروستکران ، بەڵام ڕێزدار مەسروور بارزانی ،سەرۆکوەزیرانی کوردستان و تیمەکەی گشت تواناکانیان خستەگەڕ بۆ تێکشکاندنی ئاستەنگەکان و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و بونیاتنانی دەیان پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی کە بەبەراوەرد لەگەڵ کابینەکانی تر بێ وێنە بووە ، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق خستەگەڕ تا پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان وەک کارتێکی فشار دژی خەڵکی کوردستان بەکارنەهێنرێت ، هەر بۆیە، بە شێوەیەکی لۆژیکانە و خۆڕاگرانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو کارتە سیاسی و لوغمانە دەکرد لە بەردەم قەوارەی هەرێمی کوردستان چێندرا بوون و مەرامیان لێدانی سەنگ و پێگەی هەرێمی کوردستان و شکاندنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان بوو بۆوە .
زۆر گرنگە لە ژێر رۆژشنایی ئەم خاڵانەی سەرەوە کە ئاماژەمان پێکردن، زۆر گرنگە یەک حکوومەتی بەهێز و تەبا پێکبهێنرێت ، تێیدا ئەو حزب ولایەنانەی کە بەشداری دەکەن بە ڕۆحێکی کوردپەوەرانە و نیشتیمانپەوەرانە ئەرک وبەرپرسیایەتییەکانیان جێبەجێ بکەن و هەر لێکەوتەیەکیش بێتە پێشەوە بەئەستۆ بگرن تا بەیەکەوە ڕووبەڕووی هەموو ئاڵنگاری و ئاستەنگەکان ببنەوە و بە شێوەیەک گشت هەوارزە سەختەکان ببڕێت و هەموو هاووڵاتیانیش ئەم حکوومەتە بە هی خۆیان بزانن و هەمیشە دڵنیابن، کە ئەم قەوارەیە لەدەستێکی ئەمین و خزمەتگوزار و بەرپرسیاردایە ، هەمیشە سنگی وەک قەڵغانێکە بۆ پارێزگاریکردن لە گەل ونیشتیمانەکەی.