نوێنەری هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كارتی نیشتمانی دەكرێتە بنەما بۆ پسولەی خۆراك و ئەو پسولەی ئێستا هەیە دەبێتە ئەلیكترۆنی.
حوسێن سەبری، نوێنەری هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی عێڕاق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ماوەی یەك ساڵە دروستكردنی پسولەی خۆراك لە عێراق ڕاگیراوە، ئێستا كار بۆ ئەوە دەكرێت پسولەی خۆراك بكرێتە ئەلیكترۆنی، ماوەی حەفتەیەكە ئەزموونێكیان لە پارێزگای واست وەرگرتووە، ئەو تێستەی كراوە سەركەتوو بووە و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بە بەئەلیكترۆنیكردنی پسولەی خۆراك دەكرێت.
نوێنەرەكەی بازرگانیی هەرێم گوتیشی: لەمەودوا كارتی نیشتمانی دەكرێتە بنەما بۆ پێدانی بەشە خۆراكی مانگانە، واتە هەر كەسێك كارتی نیشتمانی نەبێت بێبەش دەكرێت لە بەشە خۆراكی مانگانەی و ناوی لە سیستەمی نوێ تۆمار ناكرێت.
حوسێن سەبری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لەڕێگەی ئەپلیكەیشنێكەوە مامەڵەی پسولەی خۆراك بەڕێوەدەبرێت و دوای كەوتنەكاری سیستەمی ئەلیكترۆنی، هاووڵاتی دەتوانێت لە ماڵەوە كاروباری خۆی بەڕێوەببات، ژمارەی كارتی نیشتمانی هەر كەسێك دەبێتە ژمارەی فۆرمی خۆراكی كەسەكە.