زاری كرمانجی-سۆران:
ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان،بە ئامادەبوونی نوێنەری ڕێکخراوی یونیسێف و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە وەزارەت و بەڕێوەبەری پلاندانان لە پەروەردە گشتییەکان و ئیدارە سەربەخۆکان، بەشداری لە مەراسیمی ڕاگەیاندنی ئەنجامی “هەڵمەتی گەڕانەوە بۆ خوێندن – Backtolearning ” کرد، کە وەزارەتی پەروەردە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێف ئەنجامیان داوە.
پرۆسەکە لە ڕێکەوتی 1ی تشرینی یەکەمی 2024 دەستی پێ کرد و لە 16ی تشرینی دووەمی 2024، کۆتایی هات.
ئەمساڵ تواندراوە شەش هەزار و 887 قوتابی لە هەرێمی کوردستان بگەڕێندرێنەوە بەر خوێندن.
لە ساڵانی ڕابردووشدا 26 هەزار و 384 قوتابی دیکە گەڕێندراونەتەوە بۆ قوتابخانە، کۆی گشتیی ئەو کەسانەی کە لە کابینەی نۆیەم گەڕێندراونەتەوە بۆ خوێندن 33 هەزار و 271 قوتابین.