یادگار ئیسماعیل
بلاك فرایدێی دەگەڕێتەوە بۆ شەستەكانی سەدەی رابردوو و دەربڕی ئەو جەنجاڵیی و بێسەروبەرییەی شەقامەكان و هاتووچۆ بوو بە گشتی لە فیلادێلیفیا، پێنسلڤێینیا. بلاك فرایدێی رۆژی دواتری جەژنی سوپاسگوزارییە.
لەو كات پۆلیسی هاتووچۆ بەهۆی جەنجاڵیی و بێسەروبەرییەی شەقامەكان ئەو ناوەیان وەكو هەینییەكی ڕەش و پڕ سەرئێشە ناوبرد. دواتر ناوەكە لە فیلادێلیفیا وە گوێزرایەوە و لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو بوو بە چەمكێكی بەربڵاو و گشتی لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
هەینی ڕەش پەیوەندی بە ڕۆژەكە وە نیە وەكو هەینی ڕۆژێكی هەفتە، زیاتر پەیوەندی بەو جەنجاڵیەیە بەهۆی جەژنی سوپاسگوزاریی لە دەرئەنجامی داشكانی بەرچاو دروست دەبوو، وەكو سوپاسگوزارییەكی كۆمپانیا و بازاڕەكان لە قازانجی ماوەی یەك ساڵ، واتا بە واتای خۆجێیی جۆرێكە لە بەخشین و زەكاتی ساڵانە. ئەمە دەرفەتێكی ئابووری نایابیشە بۆ ساغكردنەوەی كەلوپەل بەر لە ساڵی نوێ.
هاوشێوە، لە رەمەزانان هەندێك بازاڕ نرخەكان كەم دەكەنەوە، لە پێناو خێر و زەكات و چاكە ئەو كارە دەكرێت.
ئەو نەریتەی هەینی رەش، كە زیاتر بۆ پۆلیسەكان رەش و پڕسەرئێشەبووە، لە ئەمریكاوە وەكو بەشێكی فەرهەنگیی جیهانیی بڵاوبۆتەوە.
لە كوردستان ئەوەی تا ئێستا تێبینی كراوە، بەهۆی بەریەككەوتنی هاووڵاتیان، كاریگەری گەشت و ژیانی هەندەران و سینەما و راگەیاندن، بلاك فرایدێی گوایا هەیە و لە بازاڕەكان بانگەشەی بۆ دەكرێت. بە داخەوە، پارساڵ بە رێككەوت رێگەم كەوتە بازاڕێك، لە ماڵەوە كاغەزی نرخەكەم هەڵپچڕی، نرخەكەییم بە تەواویی لە یاد نییە، بەڵام زیاتر لە پێنج هەزار گرانتر كرابوو! چەند هاوڕێیەكیش هەمان تێبینیان پێڕاگەیاندووم. كەواتا سوپاسگوزاریی خۆجێیی قۆڵبڕینگوزارییە زیاتر لەوەی سوپاسگوزاریی بێت.
لێرە پرسیارێك دێتە پێشەوە، ئایا ئەو فێڵەی بازاڕەكانی كوردستان وەها بە ئاسانی تێپەڕ بێت، یاخود دامەزراوەكان چاودێریی بكەم؟ چونكە دواجار ئەگەر وا رووبدات و بە پاساوی نرخ داشكاندن قازانجی زیاتر لە گرانتركردنی نرخەكان رووبدات، قۆڵبڕین و فرت و فێڵ و تاوانە بەرامبەر بە هاووڵاتیان و دەچێتە ریزی تاوانی هەڵخەڵەتانن!
بۆ كوردستان و موسڵمانان، بۆنەكە ئاساییە، وەكو بەشێك لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پەرە بە نەریتەكە بدرێت، بەڵام بە راستگۆییانە و رێكوپێك كارەكە بكرێت. بەڵام دەشكرێت لە جەژنی نەورۆز دەستپێشخەری هاوشێوەمان هەبێت وەكو كورد و لە جەژنەكانی رەمەزان و قوربانیی و نرخ داشكاندن لە چوارچێوەی خێر و زەكات داشكان بكرێت، نەك خواستی خەڵك بۆ گرانتركردنی نرخەكان بقۆزرێتەوە.
لە رووی مێژووییەوە، جەژنی سوپاسگوزاریی وەهاش لێكدەدرێتەوە هی رەسەنەكانی ئەمریكا بێت. هاوكات، لێكدانەوەی ئەوەش هەیە كە گوایا بلاك فرایدێی رۆژی فرۆشتنی بوكۆیلەكراوەكان بووە.