زاری كرمانجی-سۆران
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی كرد لە ئیڤێت کووپەر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی تاوتوێ کران.
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، بە هەڵبژاردنێکی سەرکەوتووی ناوبرد، هەروەها ئاماژەی بە پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان دا وەک هاوبەشێکی گرنگ و ستراتیژیی وڵاتەکەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان”.
لای خۆیەوە سەرۆكی حكوومەتی ههرێمی كوردستان، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی و هاریکاری شانشینی یەکگرتوو دەربڕی و خواستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهیزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دووپات کردەوە.
هەردوولا هاوڕابووین لەسەر گرنگیی برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، تاوانی ڕێکخراو و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر.
لە تەوەرێکی دیکەدا، بیروڕا لەبارەی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و سیستەمی بانکی و بەتایبەتی پڕۆژەی (هەژماری من ) ئاڵوگۆڕ كران.