سەدیق محەممەد سەدیق/ مامۆستای یاریدەدەر لە زانكۆی سۆران ـ بەشی مێژوو
بەشی دووەم و كۆتايى
- بارودۆخی ئیسپانیا لەماوەی جەنگی ناوەخۆی 1936_1939
ئەوبارودۆخەی وڵاتی تێكەوتبوو هی ئەوە نەبوو لەماوەیەكی كەم بگەرێتەوە دۆخی ئاسایی، چونكە وڵات لەهەموو لایەنێكەوە توشی قەیران ببوەوە، پەرەسەندنی بێكاری، نەمانی بەرهەم لەوڵات، نەمانی ئازادی ڕۆژنامەگەری، بۆنمونە ئەگە ڕۆژنامە نوسێك هێرشی بكردایە سەر لایەنێك تیرۆر دەكرا، دادوەرەكان نەیاندەتوانی بەئەركی خۆیان هەڵسن چونكە لاشەكەی بە كوژراوی دەدۆزیەوە، بەمەش شەری ناوەخۆی دەستی پێكرد و شۆرش دژی حكومەت بەرپابوو.
سەرەتای شۆرش لەلایەن چەند ئەفسەرێكەوە دەستی پێكرد، بەتایبەتی دوای كوژرانی كالفۆتیلۆ كە وەزیری دارایی بوو لە حكومەتەكەی ڕیڤێرا لە 13 تەموزی 1936. لەجێگەی ئەو جەنەراڵ سان جۆرجۆ لەمەڕاكیش درێژە بەشۆرش دەدات و دەست دەگرێت بەسەر سەبتەو ملیلە بەڵام ئەویش بەهۆی ڕوداوی فرۆكە گیان لەدەست دەدات، راستەوخۆ فرانكۆ كە ئەفسەرێكی دورخراوەبوو دەستدەكات بە شۆرشكردن، هەرزوو زۆربەی ئەفسەرە دورخراوەكانو ئەو خەڵكانەی بەدەست حكومەتەوە چەوسابوونەوە چوونە ڕیزی شۆرشەوە لەكۆتایەكانی 1936 فرانكۆ توانیبووی بەشێكی زۆر لە باكوری ڕۆژئاواو باشوری ڕۆژئاوا بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، بۆیە حكومەتی ئیسپانیا ناچاربوو بارەگاكانی لەمەدریدەوە بگوازێتەوە بۆ فالێنسیا، فرانكۆو لایەنگرانی وەردەوردە نزیك بونەوە لەمەدرید و هەریەكە لە ئیتاڵیاو ئەڵمانیا لەڕووی مادی و مەعنەوی یارمەتیان دەدا. لەگەڵ ئەمەشدا كۆماریەكان توانیان بەرگری بكەن بۆماوەی 3 ساڵ، بەمەش ئەم جەنگە ئیسپانیای بەسەر دوو بەرەدا دابەشكرد. كە بریتی بوون لە :
1_ بەرەی كۆماریەكان، بریتی بوو لەدانیشتوانی هەرێمی باسك و كۆمۆنیستەكان و نیشتمان پەروەرەكان. ئەم بەرەیە لەلایەن سۆڤیەتەوە پشتوانی دەكران و یارمەتیان وەردەگرت.
2_ بەرەی فرانكۆ، بریتی بوون لە لایەنگرانی پادشا دەوڵەمەند و سەرمایەداران و پیاوانی ئاینی و هەندێك لەئەفسەرانی سوپا. ئەم بەرەیەش لەلایەن ئەڵمانیاو ئیتاڵیاو پرتوگالەوە یارمەتی دەدران.
دوای ئەوەی فەرەنسا سنورەكانی بەڕووی ئیسپانیا داخست و كەشتیەكانی ئیتاڵیاو ئەڵمانیاش گەمارۆی وڵاتەكەیاندا، لایەنگرانی فرانكۆ لە كانونی دووەمی 1938 هێرشی گەورەیان بۆسەر كەتەلۆنیا دەستپێكرد ولە شوباتی 1939 دەستیان بەسەرشارەكە داگرت. بۆیە بەریتانیەكان و فەرەنسیەكان داوایان لە حكومەتی نگرین كرد دەست بەرداری چالاكیەكانی دژی فاشیستەكان بێت. لەلای خۆیانەوە هەردوو وڵات لە 27شوباتی 1939 پەیوەندیە دبلۆماسیەكانیان لەگەڵ كۆماری ئیسپانیادا پچراند و ڕژێمی بەرەسمی ناساند بەم شێوەیە دوای 3ساڵ لەشەری ناوەخۆی كۆماری ئیسپانیا ڕووخا. - هۆكارەكانی رووخانی كۆماری ئیسپانی لەساڵی 1939 :
1_ دەست تێوەردانی بەردەوامی ئیتاڵیاو ئەڵمانیا لە كارووباری ناوەخۆی ئیسپانیا، سەرەڕای هاوكاریە بەردەوامیەكانیان بۆ فرانكۆ، چونكە فرانكۆ نەیدەتوانی بەبێ ئەوان سەركەوتن بەدەست بهێنێت.
2_ سیاسەتی دەست تێوەرنەدان لەلایەن بەریتانیاو فەرەنساو ئەمریكا بووە ڕێگر لەبەردەم كۆماریەكان كە چەك و تەقەمەنی لەدەرەوە بە ئیسپانیەكان بگات.
3_ بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان پەیامێكی ئاشتی لەلایەن كۆماریەكان ئاراستەی فرانكۆ كرا، بەڵام ئەم داواكاریە لەلایەن فرانكۆوە ڕەتكرایەوە، بۆیە كۆماریەكان لە 24-26/7 دەستیان بەهێرشێكی فراوانكرد بۆسەر سوپای دوژمن بەمەش سوپای كۆماریەكان بەرەوهیلاك بوون چوو، بۆیە فرانكۆ هێرشی پەچەوانە دەست پێدەكات و سەركەوتن بەدەست دەهێنێت، هەربۆیە لەلایەن زۆربەی مێژوو نوسان ئەم هێرشە بەهەڵەیەكی گەورەو شكستی كۆماریەكان دادەنێن.
4_ خۆئامادەنەكردن ودانەنانی بەرنامەیەكی تۆكمە لەلایەن كۆماریەكان بۆ هەرجۆرە ڕوداوێكی لەم جۆرە، بۆیە كاتێك شەر دەستی پێكرد شپرزەی زۆر بە سوپاكەیانەوە دەبیندرا، سەرەڕای نەبوونی سەركردایەتیەكی بەهێز كە ڕابەرایەتی بكات.
5_ بوونی دژایەتی بەردەوام لەنێوان پارتە سیاسیەكانی بەشداربوو لە حكومەت بەتایبەتی دابەشبونی ئەم لایەنانە لەڕووی بیروباوەر، چونكە حكومەت لەچەندین پارتی سیاسی جیاواز وەك پارتی كۆمایەكان، ئەنارشیستەكان، سۆسیال دیموكراتەكان، كۆمۆنیستە ستالینیەكان، ترۆتسكیەكان، پێكهاتبوو، لەلایەكیتریش هەریەك لەم پارتانە تەنها بۆخۆیان كاریان دەكردوو هەوڵی گەورەبوونی پارتەكەیان دەدا و لەشكرو سەندیكاو دەزگای ڕاگەیاندنی تایبەت بەخۆیان هەبوو.
6_ ساویلكەی سەرانی حكومەت لە نەناسینی دوژمنانیان بەوەی لەكاتی پێكهێنانی حكومەت داوایان لەزۆرێك لە جەنەرالەكانی سوپاكردبوو بەشداربن لە پێكهێنانی حكومەت، سەرەڕای ئەوەی لەماوەكانی پێشودا لە ڕیزی سوپا دورخرابونەوە، وەك جەنەرال مولا وفرانكۆ ئەمانە بەئاشكرا ڕایانگەیاندبوو كە كودەتای سەربازی ئەنجام دەدەن بەڵام نەك هەر دورنەخرانەوە بەڵكو پێشنیاری وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی بەرگری و ناوەخۆشیان بۆ كرابوو.
7_ كۆماریەكان دەستەوەستان بوون لە سەركوتكردنی نەیارانی شۆرش، كە پێكهاتبوون لە دەرەبەگەكان، سەرمایەداران، پیاوانی ئاینی، بۆرجوازی ناوشار، چونكە ئەم چینانە هەموو سامانەگەیان خستبووە خزمەت فرانكۆ.
8_ ناهاوسەنگی لەتوانای سەربازی بەوەی كە سوپای كۆماریەكان زیاتر لە خۆبەخشەكان بوو توانای سەربازی ئەوتۆیان نەبوو ڕانەهێندرابوون لەسەر پەروەردەیەكی سەربازی بەهێز سەرەڕای كۆن و خراپی ئەوچەكانەی بەكاریان دەهێنا، بەپێچەوانەوە سوپای فرانكۆ پێكهاتبوو لە جەنەرالەكانی سوپا و سەربازەكانیش ڕاهێندرابوو بە ڕاهێنانی سەربازی پێشكەوتوو هەروەها ئەو چەكە پێشكەوتوانەی لەبەردەستیاندابوو لەلایەن ئیتالیاو ئەڵمانیا بۆیان دابینكرابوو بەتایبەت فرۆكەی ئەڵمانی.
9_ سەرنەكەوتنی كۆماریەكان لەسیاسەتی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان، بەوەی ئەم كۆمارە نەیتوانیبوو پەیوەندیەكانی لەگەڵ وڵاتان بەرەو پێشەوە ببات، لەكاتی دروست بونی كۆمارەكە تەنها لەلایەن وڵاتی مەكسیك وسۆڤیەت دانی پێدانرابوو، كە ئەمەش بەس نەبوو بۆ دروستبونی كۆمارێكی تازە لەدایك بوو.
10_ گرینگینەدان بە كەمەنەتەوایەتیەكان، كۆماریەكان كەمەنەتەوایەتیەكانی ئیسپانیایان پشتگوێ خستبوو، ئەمەش لەوكاتە هەستیپێكرا كە بەشداری جەنگیانكرد بەوئامانجەی مافی سەربەخۆی خۆیان بەدەست بهێنن، چونكە لەماوەی پێشودا كۆماریەكان ئامادەنەبوون مافی سەربەخۆی بەوكەمەنەتەوایەتیانە بدات بەتایبەت دانشتوانی هەردوو هەرێمی باسك و كەتەلۆنیا سەرەڕای ئەوەی سەرۆك كۆمار باسكەكانی بە نەتەوەخوازو دوژمنی گەل دەناساند، ئەمەش دەرفەتێك بوو لەبەردەم فرانكۆ كەهەستی نیشتمان پەروەری ئەم نەتەوانە دژی كۆماریەكان بەكاربهێنێت.
11_ گواستنەوەی پایتەخت لە مەدرید بۆ كەتەلۆنیا كۆماریەكان بیریان لەوەنەكردبۆوە لەم هەنگاوەیاندا سەركەوتونابن، چونكە هەمیشە دژایەتی دانیشتوانی ناوچەكەیان كردوە.
*گرینگترین فاكتەرەكانی سەركەوتنی فرانكۆ :
1_ بەهۆی ئەوەی فرانكۆ یەكێك بووە لە جەنەراڵە بەناوبانگانی سوپا، توانی لەماوەیەكی كەم لەشكرێكی گەورەو ڕێكخراو تەیاركراو بەچەكی پێشكەوتوو ئامادەبكات، كەیارمەتیدەری بوو لە سەركەوتنەكانی.
2_ یەكێك لەهۆكارە سەرەكیەكانی سەركەوتنی فرانكۆ بوونی هێزی ئاسمانی بوو كە لەلایەن ئەڵمانیاوە پشتوانی دەكرا، ئەم هێزە توانی شەرەكە لەبەرژەوەنی فرانكۆ یەكلای بكاتەوە.
3_ پاڵپشتی كەنیسەو پاپای فاتیكان بۆ فرانكۆ، جگە لەلایەنی ڕۆحی كەنیشە یارمەتی دارایی و سیاسی و كۆمەڵایەتیشیان پێشكەشی فرانكۆ كرد بەتایبەتیش لەڕووی ئابووری چونكە كەنیسە خاوەن داهاتێكی گەورە بوو.
4_ پشتگیری و یارمەتی وڵاتانی زلهێز بۆ فرانكۆ لەسەروی هەمووشیانەوە ئەڵمانیاو ئیتاڵیا، سەرەڕای یارمەتیەكانی ئەمریكا چونكە فرانكۆ وا خۆی نیشان دەدات كە دژی كۆمۆنیستەكانە ئەمریكاش دوژمنی كۆمۆنیست بوو، لەهەمان كاتدا فرانكۆ سەركەوتوو بوو لە ڕازیكردنی فەرەنساو بەریتانیا كە یارمەتی كۆماریەكان نەدەن.
5_ یارمەتی و هاوكاریەكانی مەغریبیەكان بۆ فرانكۆ بە تایبەت ئەوانەی لایەنگری بوون.
*گرینگترین ئەنجامەكانی جەنگی ناوەخۆی ئیسپانیا :
1_ ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی ئیسپانیا لەناوچوون بۆنمونە لە 6مانگی یەكەمی جەنگ 40 هەزار قوربانی لێكەوتەوە، بەدرێژای 3 ساڵی جەنگەكە ژمارەی قوربانیان گەیشتە نیو ملیۆن كەس.
2_ یەكێك لەئەنجامەكان، كۆچكردنی ژمارەیەكی زۆری ئیسپانیەكان بوو بۆ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی فەرەنسا، ئەم كۆچە زۆربەی لەچینی ڕۆشنبیران و زانایان بوون.
3_ لەناوچوونی ژێرخانی ئابووری وڵات بەتایبەتی لەناوچوونی كارگەكان بەهۆی بەردەوامی بۆمبەبارانكردنی فرۆكە جەنگیەكان، سەرەڕای لەناوچوونی بەشێكی زۆری بەندەرو هێڵی شەمەندەفەر، هەروەها ئابووری ئیسپانیا بەتەواوەتی خرابووە خزمەت لایەنی سەربازی و كرینی چەك و تەقەمەنی، لەلایەكی تریش كۆمپانیا بیایەكان جێگای كۆمپانیا خۆماڵیەكانیان گرتبۆوە، بەتایبەت كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا، چونكە فرانكۆ بۆ بەدەست خستنی چەك وتەقەمەنی پشتی بەم وڵاتە بەستبوو.
4_ لەناوچوونی شارستانیەتی ئیسپانیا بەهۆی ئەوەی وڵاتەكە خاوەن شارستانیەتێكی كۆن بوو، بەتایبەتیش لەڕووی بیناسازیەوە، جەنگەكە ژمارەیەكی زۆر لە كەنیسەو كۆشكی پادشایەتی دووچاری ڕووخان بوونەوە لەئەنجامی بۆردومانی فرۆكە جەنگیەكان.
5_ نەمانی ئاسایش بەكۆمەڵ، واتا شتێك بوونی نەما بەناوی چارەسەركردنی كێشەكان بەڕێگای ئاشتی، چونكە سەروەری كۆمەڵەی گەلان لەدەست درا.
- بەرژەوەندی زلهێزەكان لە جەنگی ناوەخۆی ئیسپانیا :
هەریەكە لەوڵاتە زلهێزەكان بەرژەوەندی تایبەتیان هەبوو لەیارمەتیدانی هەردوو بەرەی شەركەر لە ئیسپانیا لەسەروی هەموشیانەوە ئەڵمانیاو ئیتاڵیاو سۆڤیەت، ئیتاڵیاو ئەڵمانیا رۆڵێكی یەكلاكەرەوەیان بینی لە سەركەوتنی فرانكۆو بونی بە دكتاتۆرێ ئیسپانی.
أئەڵمانیا : 1 ئەڵمانیا هەستی دەكرد ئیسپانیا شوێنێكی ستراتیژیە لە ئەوڕووپا و بەدەرگایەكی كراوەی دەبینی بۆ دەریای سپی ناوەراست، بۆیە هەوڵیدەدا كلیلی ئەودەرگا گرینگە بكەوێتە ژێر دەستی خۆی.
2_ هیتلەر كۆمۆنیزمی بەگەورەترین دوژمنی خۆی دەزانی لەهەموو شوێنێك هەوڵی لەناوبردنی دەدان.
3_ هیتلەر دەیویست سیستەمێكی هاوشێوەی وڵاتەكەی لە ئیسپانیا دابمەزرێنێت.
4_ بەدەستهێنانی ئیمتیاز(چیاوگ) ئابووری بەتایبەت سودوەرگرتن لەكەرستەی خاوو وەك خەڵوز، ئاسن… بۆئەم مەبەستەش ئەڵمانەكان دوو كۆمپانیایان بەناوەكانی هیسما، ڕۆكا دامەزراند.
5_ هیتلەر دەیویست خاكی ئیسپانیا بەكاربهێنێت بۆتاقیكردنەوەی ئەوچەكانەی بەرهەمی هێنابوون.
6_ هیتلە ئامانجی بوو تۆڵەی شكستەكانی وڵاتەكەی لەماوەكانی پێشودا لە فەرەنسا بكاتەوە بەوەی كە-:
أ_ پەیوەندی ئیتاڵیاو فەرەنسا بەرەو ئاڵۆزی بەرێت.
ب_ دروستكردنی ترس بۆ فەرەنسیەكان لەكاتی هاوپەیمانیەتی كردن لەگەڵ ئیسپانیا.
ج_ یارمەتیدانی فرانكۆ ومانەوەی لەسەر دەسەڵات فەرەنسا ناچاردەكات هێزەكانی لە ناوچەی برانس بڵاوە پێبكات بەمەش هێزەكانی فەرەنسا پارچە پارچە دەبن.
بئیتاڵیا : 1 ئیتاڵیا مەبەستی بوو چەند بنكەیەكی ئاسمانی و دەریای لە دوورگەكانی دەریای سپی ناوەراست بەتایبەتی دوورگەی بلبیار كە دەكەوێتە بەرامبەر چیای گارق دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی لەوێوە هێرشەكانی بۆسەر مەراكیش بەردەوامبن.
2_ ئیتاڵیا هەوڵی دەدا نفوزی لە ئیسپانیا زیادبێت بۆ ئەوەی یارمەتی پارتی فاشی ئیسپانی بدات كە تازە دامەزرابوو.
3_ ئیتاڵیا هاوشێوەی ئەڵمانیا دەیویست چەكەكانی تاقی بكاتەوە بەوەی توانی بۆمبی 12Savoia, S81بە ئیسپانیا بفرۆشێت.
ج_ پرتوگاڵ :
-بەرژەوەندیەكانی پرۆتوگال لەوەدابوو كە سیستەمێكی هاوشێوەی وڵاتەكەی لە ئیسپانیا دروست ببێت، كە دكتاتۆری بوو، لەهەمان كاتدا پرتوگال دژی كۆمۆنیستی بوو بۆ پارێزگاریكردن و نەگەیشتنی بنەماكانی كۆمۆنیزمی بە وڵاتەكەی ڕێگەی بە وڵاتاندا كە خاكی وڵاتەكەی بەكاربهێنن بۆ یارمەتیدانی فرانكۆ.
د_ یەكێتی سۆڤیەت :
1_ هەوڵدانی یەكێتی سۆڤیەت بۆ بەهێزكردنی كۆمۆنیست بوو بەرامبەر فاشیەت، بەمەش ئەم وڵاتە جێپێی خۆی لە ئەوڕووپای ڕۆژئاوا (ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیاو پرتوگال) قایمتر دەكرد.
2_ سۆڤیەت مەبەستی بوو ئاژاوەی زیاتر لەنێوان فەرەنساو بەریتانیا لەلایەك، ئەڵمانیاو ئیتاڵیا لەلایەكی تر هەبێت، چونكە ئەم وڵاتانەی بەدوژمنی خۆی دەزانی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ستالین لەسەرەتادا هیچ یارمەتیەكی ئیسپانیای نەدا
أچونكە ستالین لەوكات خەریكی لەناوبردنی كۆمۆنیستە ترۆتسكیەكان بوو، بۆئەم مەبەستەش دادگایەكی بەناوی دادگاكانی مۆسكۆ پێكهێنا، كەواتا لەبەر كێشە ناوخۆیەكان ئاگای لە كێشە دەرەكیەكان نەبوو. بئیسپانیا هیچ لایەنگرێكی ستالینی تێدا نەبوو، ئەوەی هەشبووبن كۆمۆنیستی ترۆتسكی و سۆشیال دیموكراتەكان و ئەنارشیستەكان بوون، تەنانەت ئەم لایەنانە بەگەورەترین دوژمنی ستالین ناسراو بوون.
جستالین باوەری بە ئاشتی هەبوو لەگەڵ هیتلەرو مۆسۆلینی. ها بەریتانیاو فەرەنسا :
هەریەكە لەم دوو وڵاتە دەیانویست ڕێگری بكەن لەبەدەست هێنانی دەسكەوتەكانی ئەڵمانیاو ئیتاڵیا لە ڕۆژئاوای دەریای ناوەراست، چونكە بەبیروڕای هەردوو وڵات ئەگەر ئەم وڵاتانە بنكەی سەربازی یان دەریاییان لەدەریایی ناوەراست هەبێت ئەوا مەترسی بۆسەر هەریەكە لە بەریتانیاو فەرەنسا دروست دەبێت بۆیە ئەم وڵاتانە پێشنیاریان بۆ وڵاتانی ئەوڕووپی كرد كە دەست لە كارووباری ناوەخۆی ئیسپانیا وەرنەدەن.
سەرچاوەكان :
-ئەرسەلان عبدولا، جەنگی ناوەخۆی ئیسپانیا.
-سامان حسین ئەحمەد، زلهێزەكان لەجەنگی یەكەمی جیهانیەوە تاكۆتای جەنگی سارد 1914_1991.
-سامان عپمان برادۆستی، زلهێزەكانی سەدەی بیست و یەك، بەركەوتنی ئایدیا سیاسیەكان تا كۆتای تاك جەمسەری ئەمریكا.
-عبدالعزیز سلێمان نەوار، عبدالمجید نەع نەعی، مێژووی هاوچەرخی ئەوڕووپا لەشۆرشی فەرەنسی تا جەنگی دووەمی جیهانی.
-علی صبح، سیاسەتی نێودەوڵەتی لەنێوان هەردوو جەنگی جیهانی 1914_1939.
-ه.ا،ل، فیشەر، مێژووی نوێی ئەوروپا 1789_ 1950.
-فاچل حسن- كاچم هاشم نعیمە، التاریخ الاوربی الحدیپ 1815-1939.
-عمر عبالعزیز عمر، محمد علی القوزی، دراسان فی تاریخ الاوروبا الحدیپ والمعاصر 1815_1950.