بەکر کەریم حەسەن
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی
(كۆنفۆشیۆس) فەیلەسوفی بە ناوبانگی چینی دەڵێ ” هەموو مرۆڤێك جوانیەكی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام هەموو مرۆڤێك ناتوانن ئەو جوانیە ببینن”.
مرۆڤ كە لە دایك دەبێ و بە قۆناغەكانی ژیاندا تێپەر دەبێت و رووبەڕووی كۆمەڵێ ئاستەنگ و بەربەست و كێشە دەبێتەوە لە بڕینی قۆناغەكانی ژیانیدا، ئەو بڕینە و تێپەرینە بە ئاسانی نابێت، بێگومان پێویستی بە هەوڵدان و بەرەنگاربوونەوە و هەڵكشان هەیە. وە هەر مرۆڤێك تایبەتمەندی خۆی هەیە لە هەموو ڕوویەكەوە، هەر یەكەو جۆرە شێوازێكی هەیە لە ژیان كردن و تێكۆشان و وەستان لە سەر پێیەكان و رووبەڕووبوونەوەی گرفتەكان. بەڵام گرنگترین و سەرەكیترین خاڵ ئەوەیە مرۆڤ لە شوێنی خۆی نەوەستێ و دەستەوەستان نەبێ بەرامبەر سەختییەكان و هەمیشە جوانی و ئەرێنی و بەهێزەكانی خۆی ببینێ و گرنگیان پێ بدات و هەردەم لە گۆڕانكاریدا بێت بۆ بەرەوپێشچوون و گەشەكردنی جۆراجۆر. تواناكانی خۆی زیاتر بكات و زیاتر شیاوتر بێت و خۆڕاگر و پشوو درێژتر بێت، هەردەم دیدگای بەرامبەر پاشە ڕۆژ كراوە و ڕوونتر بێت.
گرنگە هەردەم پەرە بەخۆی و بە تواناكانی بدات و كەسایەتی بەرەوپێش ببات و زاڵ بێت بەسەر هەست و سۆز و كاردانەوەكان، هەمیشە ڕەفتار و ئادكار و هەڵسوكەوتی ئەرێنی بێت و هەرگیز دەستبەرداری خەونەكانی نەبێت و خۆی بە دەستەوە نەدات و بەردەوام پەرە بە خۆی بدات و هەوڵبدات ڕۆژ دوای ڕۆژ باشتر و چاكتر و بەرەوپێشتر بچێت و گەشبین و ئەرێنی بێت، خۆی فێر بكات بۆ ئەنجام و كار نەك تەنها بۆ فێربوون و سوود وەرنەگرتن.
دەگێڕنەوە جوتیارێك لە یەكێك لە گوندەكان ئەسپێكی بەهێزی هەبوو كاری پێ دەكرد، بەڵام لەگەڵ تێپەربوونی كات ئەسپەكە وەكو جاران گەنج نەما و گەورەتر بوو هێز و توانای جارانی نەما بوو. ڕۆژێكیان بە رێكەوت ئەسپەكە كەوتە ناو بیرێكی ووشكبوو لە ئاو. جوتیارەكە بیری كردەوە چۆن ئەسپەكەی ڕزگار بكات، هەوڵیدا بەڵام نەیتوانی، بۆیە لە دڵی خۆیدا گوتی ئەسپەكە تەمەنی گەورە بووە و كەڵكی ئیش كردنی جارانی نەماوە و بێ هێز بووە و ناتوانێ ئەركەكانی وەكو پێشان جێبەجێ بكات و، منیش ناتوانم لەو بیرە وشكە دەریبهێنم بە تەنیام و پێویستم بە یارمەتی كەسانی تر و كەلوپەلی پێویست هەیە و هیچم لە بەردەست نییە، بۆیە بە خەیاڵی جوتیارەكە داهات خۆی لە ئەسپەكە ڕزگار بكات و هەمیش ڕزگاری دەبێت لەو بیرە ووشك بووە، ئەویش ئەسپەكە لە بیرەكەدا بنێژێ و خۆڵی بە سەردا بكات. هەر بە ڕاستی جوتیارەكە دەستی كرد بە جێبەجێ كردنی بە خاكەناس خوڵی فڕێ دەدا سەر پشتی ئەسپەكە و دەیویست ئەسپەكە بخنكێ و بمرێ لە ناو بیرەكەدا، بەڵام ئەسپەكە هەستی كرد كەوا خاوەنەكەی بە نیازی چیە، سەرەڕای گەورە بوونی تەمەنی و بریندار بوونی لە كاتی كەوتنی بۆ ناو بیرەكە، بەڵام خۆی بە دەستەوە نەدا و بەرگری لە خۆی كرد و هەموو جار كە خۆڵی لە سەر پشتی كەلەكە دەبوو خۆی دەجولاند و خۆڵەكان دەكەوتنە ژێر پێیەكانی و ئەو هەنگاوێك بە سەر دەكەوت و بەردەوام دەبوو تا وای لێهات لە سەر زەوی نزیك بووەوە و بازی دا و هاتە دەرەوە، كە ئەسپەكە ئەو كارەی كرد جوتیارەكە سەری سوڕما كەوای دەزانی ئیتر ئەسپەكەی كۆتایی هاتووە. بەڵام ئەسپەكە گلەیی و لۆمەی لە بەختی ڕەش و خراپی خۆی نەكرد بە نا ئومێدی و پەشیمانی چاوەڕێی چارەنووس و مردنی خۆی نەكرد، بەڵكو بەرەنگار بووە و رووبەڕووی ئەو ئاستەنگ و كۆسپانە بووەوە و هەوڵیدا و خۆی ڕزگار كرد، بۆیە گرنگە هەمیشە بەردەوام بین لە هەوڵدان و هەرگیز بیر لەوە نەكەینەوە بەرامبەر ئاستەنگ و بەربەستەكان لاواز و بێ هێز بین و خۆمان بە دەستەوە بدەین. پێویستە رووبەڕوو و بەرەنگاری گرفت و ئارێشەكان ببینەوە و خۆڕاگر بین و بەردەوامیش پەرە بەتوانا جۆراوجۆرەكانمان بدەین هەردەم بەرهەمدار بین، ئەورۆ لە دوێنی باشتر بین.