ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، مامۆستایەکی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێنج ساڵ زیندانی سزادرا.
ئەمڕۆ چوار شەممە ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سروە پوورمحەممەدی، یەکێک لە ئەندامانی چالاکی ڕێکخراوی نۆژین و مامۆستای زمانی کوردی کە پێشتر سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، لە دادگای پێداچوونەوە سزاکەی بۆ ٥ ساڵ بەندکران کەمکرایەوە”.
رێکخراوەکە باس لەوەش دەکات، سزای ئاماژە پێکراو ڕۆژی دووشەممە ٥ی سەرماوەز، بە فەرمی بە پارێزەرانی سروە پوورمحەممەدی ڕاگەیەندراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت.
سروە ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر کەرەمی بە تۆمەتی “پێکهێنانی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش” سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرابوو.
هاوکات ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، سروە پوورمحەممەدی دوای سەردانی بۆ دادگای سنە بە مەبەستی بەدواداچوونەوەی دۆسیەی ئەندامانی دەستبەسەرکراوی ئەم ئەنجوومەنە، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کرا.