گووتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت” هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەبێتە بنەمای یاسایی نەوت و گاز و گەیشتن بەو یاسایە سێ بەشی کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارە دەکات”.
باسم عەوادی، گووتەبێژی حکوومەتی عێراق گووتی” بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، نەختینەی دارایی هەرێمی کوردستان کەمی کردووە، لە کاتێکدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە ٩٠٠ ملیار دینارە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت رێککەوتووین و دەمانەوێت دەست بە هەناردەی نەوت بکرێتەوە و هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بۆ ئەو مەبەستە خەڵاتکردنی هەرێمی کوردستان نییە.
گووتەبێژی حکوومەتی عێراق دەشڵێت” هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، دەبێتە بنەمای داڕشتنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی، ئەگەر بێتو لەسەر ئەو یاسایەش رێکبکەوین، سێ بەشی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە دەبن”