زاری كرمانجی-سۆران
نووسەر لە ناوەڕۆكی پەرتووكی (ژیانكردن لەگەڵ شێرپەنجە نەخشە ڕێگایەك بۆ ڕزگار بوون) بەشێوەیەكی زانستیانە تیشكی خستووتە سەر ئەوەی ئایا چۆن ئەو كەسانەی دووچاری شێرپەنجە بوونە بتوانن بەرگە بگرن و باوەڕو متمانەیان بەخۆیان هەبێت و بەسەر نەخۆشیەكە سەركەوتووبن.
د.دیندار فازل یەحیا بەگ، نووسەرو ئامادەكاری پەرتووكەكە بەزاری كرمانجی گووت ” بەرگی یەكەمی پەرتووكەكەم واتە (ژیانكردن لەگەڵ شێرپەنجە نەخشە ڕێگایەك بۆ ڕزگار بوون) بەرهەمی ئەمساڵە واتە 2024، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی سۆران، بە چاپ گەیاندراوە و بڵاوكراوەتەوەو لە ئێستادا كەوتووەتە بەر دیدی خوێنەران”.
گوتیشی: ” لە ناوەڕۆكی پەرتووكەكەم بەشێوەیەكی زانستیانە تیشكم خستووتە سەر ئەوەی ئایا چۆن ئەو كەسانەی دووچاری نەخۆشی شێرپەنجە بوونە بتوانن بەرگە بگرن و باوەڕو متمانەیان بەخۆیان هەبێت، هەروەها ئەو نەخشە ڕێگایانەی بۆ ڕزگار بوونیان لەم نەخۆشییە بگرنەبەر، خۆشبەختانە خەڵكێكی زۆر ئارەزووی خوێندنەوەی دەكەن، ئەمەش وایكردووە كە لە داهاتوودا بەرگی دووەمی پەرتووكەكەم به چاپ بگەیەنم، تا بتوانم لەم ڕێگایەوە خزمەتی زیاتر پێشكەش بكەم”.
ئاماژەی بەوەشدا: ” مرۆڤ ئەگەر ئیرادەی هەبێت دەتوانیت ڕووبەڕووی هەموو نەخۆشی و سەختییەكانی ژیانی ببێتەوە، هەروەك زانستی جیهانی پزیشكی ئێستا پێشكەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، بۆیە هیچ نەخۆشییەك بەبێ چارەسەر نییە مەگەر حاڵەتێكی زۆر دەگمەن بێت.