مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە پێناو هاوكاریكردنی خەڵكی لێقەوماوی غەززە و لوبنان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە بۆ ماوەی شەش مانگ لێبڕین لە مووچەی فەرمانبەرانی بكات.
بەپێی بڕیارێكە، لە مانگی كانوونی یەكەم (12)ـەوە، لەسەدا 1ـی كۆی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران و خانەنشینان دەبڕدرێت و وەكوو هاوكارییەك دەنێردرێت بۆ خەڵكی غەززە و لوبنان.
سەرچاوەیەكى ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت لەمبارەوە راگەیاند “بڕیارەكە بۆ ماوەی شەش مانگ دەبێت و خۆویستانەیە، واتە هەر مووچەخۆرێك ڕازی نەبێت، لە مووچەكەی نابڕدرێت.”
كۆی هاوكاریی مانگانەی عێراق بۆ خەڵكی غەززە و لووبنان، لە چوارچێوەی ئەو بڕیارە دا نزیكەی 53 ملیار دینار مانگانه و لە شەش مانگيشدا زیاتر لە 313 ملیار دینار دەكات.
سەرچاوەكەش ئاشكراشی دەكات كە ئەو بڕیارە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.