مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆكی ئەمەریكا، ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیلی راگەیاند و گوتی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ئاگربەستەكە دەكەوێتە واری جێبەجێكردن و شەڕەكانی ئەودیوی سنووری لوبنان و ئیسرائیل كۆتایی پێ دێت.
جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا، شەوی رابردوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە كۆشكی سپی، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنانی راگەیاند و گووتی “لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە، شەڕەكانی ئەودیوی سنووری لوبنان لە نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵڵا كۆتایی پێدێت.”
دوای راگەیاندنی ئاگربەستەكە، بەشێك لە وڵاتانی جیهان پێشوازیان لە بڕیارەكە كرد، ئیسماعیل باغایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیاند “پێشوازی لە كۆتایی دەستدرێژیی رژێمی زایۆنیستی بۆ سەر لوبنان دەكەین و پشتیوانیی چەسپاوی ئێران بۆ حكومەت و گەلی خۆڕاگری لوبنان دەكەین.”
هاوكات ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا، ئاگربەستی لوبنانی بە دەرفەتێك بۆ گەیشتن بە سەقامگیری ناوچەكە ناوبردو راگەیاند “دەبێت ئەمە دەستپێك بێت بۆ خۆشكردنی رێگا ئاگربەستی غەززە كە لەمێژە چاوەڕوان دەكرێت.”
لای خۆشیەوە كیر ستارمەر، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، لە پلاتفۆرمی ئێكسدا ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنانی بە پێویستییەك ناوبرد و راگەیاند “پێویستە دەستبەجێ پێشكەوتن ببینین بەرەو گەیشتن بە رێكەوتنی ئاگربەست لە غەززە، ئازادكردنی هەموو بارمتەكان.”