مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
عێراق لە سەرەتایی ساڵی داهاتوو، دەست بە دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی دەكات و مانگانە نزیكەی (2) هەزار ئۆتۆمبێل بەرهەم دەهێنێت و دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق ڕایدەگەیەنێت نرخی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە 5 ملیۆن دینارەوە دەست پێ دەكات بەرەوسەرەوە.
قوسەی عەلی كەریم، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندنی دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق لەبارەی پرۆژەكەوە رایگەیاند “پرۆژەكە لە ئێستادا گەیشتووەتە قۆناغی پێشكەوتوو، بەو پێیەی ڕێژەی تەواوبوونی ژێرخانەكەی لەسەدا 90ی تێپەڕاندووە.” دەشڵێت “توانای بەرهەمهێنانی پڕۆژەكە، مانگانە نزیكەی (2000) ئۆتۆمبێل دەبێت، واتە 24 هەزار ئۆتۆمبێل لە ساڵێكدا، بە قۆناغیش دەبێت، بەو پێیەی قۆناغی یەكەم پرۆسەی كۆكردنەوە لەخۆ دەگرێت، لەكاتێكدا قۆناغی دووەم دەبێتە خۆجێیكردنی تەواوی پیشەسازییەكە و لەگەڵ مۆدێلی جیاواز كە ژمارەیان دەگاتە 7 مۆدێل.”
قوسەی عەلی ئاشكراشی دەكات كە نرخی ئۆتۆمبێلەكان لە پێنج ملیۆن دینارەوە دەست پێ دەكات و ئاماژە بەوەش دەكات كە خزمەتگوزاری فرۆشتنی قیستیش بۆ ئەو كەسانە بەردەست دەبێت كە ئارەزووی كڕینی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە دەكەن.