مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
میدیاكانی عێراق لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە ئاشكرای دەكەن كە هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق ئامادەكاری بۆ شەڕ دەكەن، موازین نیووز بڵاوی كردووەتەوە تەنیا لە ماوەی یەك رۆژ چوار كاروانی باركراوی خۆراك و پێداویستی لۆجستی گەیشتووەتە بنكەی سەربازی ئەمەریكی (عەین ئەسەد) لە ڕۆژئاوای ئەنبار.
(موازین نیووز) لە راپۆرتە هەواڵێكدا كە پشتی بە چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی بەستووە، باس لەوە دەكات، كە بنكەی (عەین ئەسەد) ماوەی هەفتەیەكە جموجۆڵێكی نائاسایی لێ بەدی دەكرێت و ڕایدەگەیەنێت ” هەفتەی ڕابردوو، بنكەی عەین ئەسەد ی تایبەت بە هێزەكانی ئەمەریكا، لە نێوان سێ بۆ چوار كاروانی باركراوی خۆراك و پێداویستی لۆجستی وەرگرتووە، كە بەرزترین ڕێژەیە لە ماوەی چەندین مانگدا.” موازین ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئەم زیادبوونە بەرچاوە ئاماژەیە بۆ بوونی پلانێكی چالاكانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێك كە ڕەنگە ڕێگری لە هاتنی پێداویستییەكان بكات، بە تایبەت ئەگەر ڕووداوەكان لە ناوچەكەدا پەرەبسەنن.
سەرچاوە ئەمنییەكە بۆ موازین نیووز ئاشكراشی دەكات “ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانی بنكەكەدایە بۆ ئەگەری سەپاندنی گەمارۆ لەسەر ڕێگاكانی دابینكردن بەهۆی بارودۆخی نائاسایی كە ڕەنگە بەهۆی گرژییە ناوچەییەكانەوە بسەپێندرێت.” ئاماژەی بەوەشكرد “دەستەبەركردنی پێداویستییەكانی خۆراك و لۆجستی لە ڕێگەی ڕێگا وشكانییەكانەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە بەهۆی مەودای نێوان بنكە و ناوەندەكانی پشتیوانی، هەروەها مەترسییە ئەمنییەكانی ئەگەری لەسەر ئەم ڕێگایانە.”
لەلایەكی تریشەوە سەرچاوەیەكی سەربازی بە ئاژانسی (بغداد الیوم) ی راگەیاندووە رۆژی هەینی 22ـی تشرینی دووەم بنكەی عەین ئەسەد، دوای كاتژمێر یەكی پاشنیوەڕۆ هەموو دەروازە سەرەكییەكانی داخستووە، ئاماژەی بەوەشكردووە “تا ئێستا نازانرێت داخستنی دەروازەكان دەرئەنجامی مەشقێكی دیاریكراو بووە یان بەهۆی بارودۆخێكی نائاساییەوە، بەڵام هیچ تەقینەوەیەك یان لێدانی ئاگاداركەرەوەی ئاسایی دەستنیشان نەكراوە.”
سەرچاوەكە هێمای بۆ ئەوەشكردووە كە بنكەكە چەند مانگێكە لە حاڵەتێكی دڵەڕاوكێدا دەژی كە كاریگەری لەسەر خودی سەربازەكان هەبووە، بەتایبەتی لەگەڵ دووبارەبوونەوەی مەشق و ڕاهێنانە چڕەكان و ڕێوشوێنە ئەمنییە توندەكان كە وایكردووە لە حاڵەتی ئامادەباشی بەردەوامدا بن.
دەشڵێت “هەوڵی ئەندازیاریی هێزە ئەمریكییەكان لە بنكەی عەین ئەسەد، لە كاتژمێرەكانی سەرەتای بەرە بەیانییەوە دەستیپێكردووە بۆ دروستكردنی قەڵا لە دەرەوەی دیوارەكانی بنكەكە.”
چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە ڕەنگە ئەم ڕێوشوێنە پێشەكییەك بێت بۆ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی ئیسرائیل كە شوێنەكانی عێراقی بكاتە ئامانج، جا چ سەربازی بێت یان مەدەنی، دەشڵێن “ئەم پەرەسەندنە ئەگەرییە ئاڵۆزی دیمەنەكە لە ناوچەكەدا زیاتر دەكات، هەروەها جەخت لەسەر گرنگی ئەو ئامادەكارییە چڕ و پڕانە دەكاتەوە كە لەلایەن بنكە سەربازییەكانی وەك عەین ئەسەدەوە دەكرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێكی لەناكاو كە ڕەنگە كاریگەری لەسەر ئاسایش و پێداویستییەكان هەبێت.”