رێبوار حەمەلاو شوانی
مێژووی رابردوو و ئێستاش پڕە لە تراژیدیا و زۆرداری و تاوانی نامرۆڤایەتی و قێزەوەن کە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هەر لە پاشایەتییەوە بگرە بە ئێستا تایفی و مەزهەبی فاشیزیمەوە وەک میراتێکی قێزەوەن و ڕەش بە ناوچاوانی بەغداوە درێژەی هەیە ، زێهنیەتی خۆپەرستی و خۆسەپێنی و کوشتن و برسیکردن و ئازاردن بووەتە کەلتوورێک لە نێو دەسەڵاتدارانی عێراق بەشێوەیەک کە جگە تێرکردنی حەزەکانیان و چێژ وەرگرتن لە ستەمکاری و چەوساندنەوەی بەرامبەرەکەیان هیچی تر نابینرێت .
نموونەی هەرە بەرچاویشک ئەو دەسەڵاتەی خۆسەپێنە مەزهەبییەی ئێستا کە پێش 22 ساڵ خۆی بە ستەملێکراوی دەسەتی دیکتاتۆری بەعس دەبینی ، ئەوەتا ئێستا دۆخێکی وەهای خولقاندووە ، دەسەڵاتێکی میلیشیایی بە هەموو پلە و ئیمتیازات و سەروەت و سامانی عێراق شتێکی بەناوی ئازادی و یەکترقبووڵ کردن و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و دەستوور و مافی گەل و پێکهاتەکانی تر نەهێشتۆتەوە ، تەنانەت خۆی وەک حکوومەتێکی سێبەری باڵادەست بەسەر بریارەکانی حکوومەتەکەی مەحمەد شیاع سوودانی زاڵ کردووە کە تێیدا تەیف سامییەک بۆتە فەرمانڕەوا و دەستڕۆیشتووی سەرەکیی ئەو دەوڵەتە سێبەرەی کە فەرمانەکان لە دەرەوەی سنوورەکان وەردەگرێت.
دووبارەکردنەوەی مێژووی ئەو کودەتایەی کە ڕژێمەکەی سەدام بە سەر ئەحمەد حەسەن بکر کردی ، ئێستاش بەهەمان شێوە دەسەڵاتێکی فاشیزمی مەزهەبی لە ژێر فەرمانی مەرجەعییەتی دەرەوەی سنوورەکانی عێراق ، چەندین ساڵە کاری لە سەر ئەو حکوومەتە سێبەرە خۆسەپێن و دیکتاتۆر و تاکڕەوە کردووە و کە هەموو پرسەکان بە زۆرینە و زۆرداری و ستەمکاری یەکلا دەکاتەوە .
لێرەدا گرنگە بزانین کە ، هەرێمی کوردستان پابەندی هەموو بنەماکانی دەستوور و هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی بووە ، جگە لەوەی لە ماوەی رابردوو پابەندی هەموو ئەو ڕێککەوتننامە بووە کە واژۆی کردووە بەتایبەتی لە بواری نەوت و گڕێبەستەکان، هەروەها پابەندبوون بریارەکانی دادگەی فیدراڵی ، بەڵام پێچەوانەکەی درێژە پێدان بوو بە عەقڵییەتی فاشیزمی دەوڵەتە سێبەرەکەی تەیف سامی و گروپ ومیلیشاکانی تر و دژایەتیکردن و ئازاردانی خەڵکی کوردستانە .
بەهەڵوەستەکردن لە سەر هەنگاوەکانی 12 ساڵی رابردوو واتا هەر لە دوای ساڵی 2013 وە و بڕینی بەشە مووچە وبودجە هەرێمی کوردستان وەک مافێکی دەستووری و یاسایی ، هەڵبەت بە چاوساغی و ڕێنیشاندەری هەندێک لایەنی بە ناو کوردی بەکرێگیراو و لاواز و ئەو نەخشە و پیلانانەی کە هەنگاو بە هەنگاو مەرامیان شکاندنی شکۆ و ئیرادە خەڵکی کوردستان بوو لە پێناو خۆ رادەستکردن بۆ مووچەیەکی شەرشۆری تا بە ئەمڕۆ درێژەی هەیە ، ئەوەتا ئەو دەسەڵات و حکوومەتە فاشیزمە سێبەری کە تەیف سامی حکوومرانی دەکات و هەندێک گروپ و تاقمی میلیشایی پشتیوانی ئەو دەوڵەتە سێبەرە دەکەن و بەردەوام کاریان لە سەر دیکتاتۆرییەتێک کردووە کە پەڵاماری هەموو نەتەوە و پێکهاتەیەکی تر لە دەوروبەریان و ناوچەکە دەدەن و دیارترینییان هێرشکردنە سەر دەوڵەتە عەرەبییەکان و هەرێمی کوردستان و ئێستا رۆژانە پەڵاماردانی ئیسرائیل بە پاساوی پشتیوانیکردن لە غەزە و لوبنان ، بەڵام لە راستییدا ئەوەی کە خۆیان ناویان ناوە بەرەی موقاوەمە و ئێستا لە عێراق کاری بۆ دەکەن ، جگە لە وێرانکاری و تاڵانکاری و تاکڕەوی و فاشیزمی مەزهەبی و خۆسەپاندن هیچی دیکەی لێ نابینرێت .
بەدڵنییاییەوەی ئەو هەست پێدەکرێت و لە مێژە خەونی پێوە دەبینن هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و هەموو کات چاوەروانی دەرفەتێک دەکەن کە بەرێگەی ئەو عەقڵییەتە فاشیزمە مەزهەبییە زۆرینەی پەرلەمانی و تاکڕەوە دا کاری بۆ دەکرێت . چونکە لە عێراق باوەری بە هاوبەشی و سازان نییە جگە لە دەسەڵاتێکی ناوەندنی سەر بە ویلایەتی فەقیی و کۆتایی هێنان بە حکوومەتە دیموکراسیی و یاسایی و دەستوورییەی کە لە ساڵی 2003 هەمووان لە سەر ڕێککەوتنبوون و ئەمەریکاش پشتیوانی لێکرد .
بەڵام پێدەچێت ، عەقڵییەتی ئازاردان و جینۆسایدن کردنی گەلی کوردستان لەلایەن فاشیزمەکانی عێراقەوە بێ کۆتایی بێت و دەبێ بۆ هەموو ئەگەرە چاوەروانکراوەکان بەرامبەر ی دیکتاتۆری و پیلانەکانیان ئامادە بین و ڕووبەڕوویان ببینەوە .