مەلا عەبدوڵڵا شێركاوەیی
ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەكێتی زانایان
لەم نووسینەدا مەبەستمە تیشك بخەمە سەر دوو شت؛ پێگەو فەزڵ و حیكمەتی شەعیرەی بانگ لە تێڕوانینی ئیسلام لەلایەك و، پرۆژەی یەكخستنی بانگ و بەستنەوەی بانگی مزگەوتەكان بە سیستەمی یەكبانگی لەلایەكی ترەوە..
یەكەم :
بانگ دروشمێكە لە دروشمە پیرۆزەكانی ئیسلام، شەوو رۆژ پێنج جار بە دەنگی بەرز بەمەبەستی بەرز راگرتن و ئیعلانكردنی كاتی نوێژ لەناو موسڵمانان دەدرێت، كە لە دوای كۆچی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بۆ مەدینەو هاتنە پێشەوەی پێشنیاری شتێك بۆ ئاگاداركردنەوەی موسڵمانان بۆ كاتی نوێژ، دواجار یەكێك لە سەحابەكان بەناوی (عبدالله ی كوڕی زەید) بانگی لەخەوندا دیت و پێغەمبەریش (درودی خوای لەسەر بێت) بەو شێوەیەی هەیە بڕیاری لەسەر دا.
بانگ ئەگەرچی بە دەربڕین چەند وشەیەكی كەمە، بەڵام لە ناوەڕۆكدا فرە رەهەندو زیاد لە واتاو ماناییەك لەخۆ دەگرێت و حیكمەتی زۆری تێدایە، لەبەر ئەوەی دەعوەتی خوایە بۆ بەندەكانی و ئیقراركردنی یەكتاپەرستی و بەرزراگرتنی ناوی پیرۆزی (الله)یەو شایەتیدانە لەسەر یەكتاپەرستی و پەیام و پێگەی پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت) و دەرخستنی دروشمی باڵای ئیسلام و راگەیاندنی كات و پێگەی نوێژو نزای خێرو شادومانیە بۆ دینداران و بانگهێشتێكی تایبەتە بۆ كۆبوونەوەی موسڵمانان بۆ ئەنجامدانی مەراسیمی نوێژ.
بانگ بانگەوازێكی ئیمانیە بۆ ئامادەیی و ئاراستەكردنی موسڵمانان بۆ یەكڕیزی و ئاشتی و هەماهەنگی و برایەتی و پێكەوەبوون و بڵاوكردنەوەی شادومانی و خێرو خۆشەویستی و پاڵفتەكردنی دەروون و راهێنانی جەستە لەسەر ئەنجامدانی روكنێكی گەورەی ئیسلام كە عیبادەتی نوێژە، بە ئامانجی دروستكردنی هێزێكی گەورەی پەنهان و ئیمانی و رۆحی لە دەرووندا كە پاڵ بە مرۆڤەوە بنێت بۆ ئەنجامدانی كاری خێرو چاكەو وازهێنان لە تاوان و مونكەرو خراپە. مامۆستا شێخ محمدی خاڵ لە بارەی پایەو مەقامی بانگی پیرۆز جوانی فەرمووە: ” ئەگەر راستتان ئەوێ هەر وتەیەك لە وتەكانی بانگ ئەگەر بە تەرازووی ژیری و بیر بیكێشین؛ تێ ئەگەین كە هەزار جار لە كێوی (پیرەمەگرون) قوڕسترو گەورەترو گرانترە، وە هەر وشەیەكی جۆرە ئاوازێكی تایبەتی هەیە لە گوێچكەو دڵانا، وە بە هەموو وشەكانی دەستەیەكی تەواو پێك دێنن لە مۆسیقەو سروودێكی گیانی، كە تا جیهان جیهان بێ شەو و رۆژی پێنج جار لە هەزاران لاوە بەرز ئەبێتەوە، وە لەم ئاسمانەدا دەنگ ئەداتەوەو ئەزرنگێتەوە، وە ئیمان و باوەڕی موسڵمان تازە ئەكاتەوە”.
لە شوێنێكی تر دەڵێت: “بانگ دەعوەتی خوایە بۆ خڕبوونەوەو خواپەرستی و رووكردنە خواو سوجدەبردن لەگەڵ لەشكری رۆژو مانگ و ئەستێرەو دارو درەخت و شاخ و داخ بۆ بەر بارەگای تاك و تەنیایی خوای گەورە، بانگ دەرگای دڵی داخراو ئەكاتەوەو پەردەی دڵ و دەروون كون ئەكاو بێ پرس دەچێتە ژوورەوە، گوێچكەی دڵ و دەروون ئەزرنگێنێتەوەو بێداری ئەكاتەوە، بانگ هیوا بۆ مەردووم پەیدا ئەكات و خەم و خەفەت بە با ئەداو لەشسووكی و خۆشی ئەدا بە ئادەمی، هەرچەند پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) خەمبارو خەفەتبار بووایە بە بیلالی حەبەشی ئەفەرموو: (أرحنا یا بلال) واتە: بە بانگەكەی خۆت دڵمان فەرەح بكەو كەیف خۆشمان بكە”.
شێخی خاڵ ئەوەش دەڵێت: “هەموو گەلێك سروودێكی هەیە، بەڵام سروودێكی پڕ لە رەگەزپەرستی كە هەر بۆ خۆی دەست بداو بەكاری گەلێكی تر نەیەت، بەڵام سروودی ئیسلام – بانگ – سروودێكی ئینسانی و عالەمییە بانگی هەموو كەسێك ئەكا بۆ برایەتی و ئاشتی و خۆشەویستی”
لە بەر ئەو پایەو مەقامە گەورەو پیرۆزەی بانگە، كە نوێبوونەوەی ئیمان و تازەبوونەوەی مرۆڤ و نزیكبوونەوە لە چاكەو خێری تێدایەو نیدایەكی جیهانییە، خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێ: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا إِذَا نُودِيَ لِلصَّلَاةِ مِنْ يَوْمِ الْجُمُعَةِ فَاسْعَوْا إِلَى ذِكْرِ اللَّهِ وَذَرُوا الْبَيْعَ ذَلِكُمْ خَيْرٌ لَكُمْ إِنْ كُنْتُمْ تَعْلَمُونَ ) الجمعە:9. واتە: ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە كاتێ كە بانگ درا بۆ نوێژ لە رۆژی هەینیدا، ئێوە بە پەلە بچن بەدەم یادی خواوە و واز لە كڕین و فۆشتن بهێنن، چونكە ئەو كارەتان چاكترە بۆتان ئەگەر بزانن و تێبگەن.
هەروەها پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لەبارەی فەزڵ و گەورەیی بانگ دەفەرموێ: (مَن قال حين يسمع النداء: اللهم رب هذه الدعوة التامة والصلاة القائمة، آتِ محمدًا الوسيلة والفضيلة، وابعثه اللهم مقامًا محمودًا الذي وعدته، حلت له شفاعتي يوم القيامة)، واتە: هەر كەسێك كە گوێی لە بانگ دەبێت ئەم دوعایە بخوێنێت.. اللهم ربّ هذه الدعوة التامة.… ئەوە شەفاعەتی من دەیگرێتەوە لە رۆژی دوایی..
هەر لەبارەی گەورەیی و پێزانینی بانگ و پێگەو كاریگەری لە ژیان و دەروونی دیندارانەوە دەفەرموێ: (لَوْ يَعْلَمُ النَّاسُ مَا فِي النِّدَاءِ وَالصَّفِّ الأَوَّلِ، ثُمَّ لَمْ يَجِدُوا إِلَّا أَنْ يَسْتَهِمُوا عَلَيْهِ لاَسْتَهَمُوا…) واتە: ئەگەر خەڵكی بزانن چ گەورەیی و پاداشتێك لە بانگ و ریزی یەكەمی نوێژ هەیەو هیچ رێگایەكیان دەست نەكەوێ تەنها لەرێی قورعەوە نەبێ، ئەوا قورعەی بۆ دەكەن تا خێریان دەستكەوێ…
دووەم :
ئێستا لە كوردستان لە رێی پرۆژەی یەكخستنی بانگ، كە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی پێی هەڵساوەو كاری لەسەر دەكات، بۆ ئەوەی خزمەتێكی شایستەتر بەمزگەوتەكان و نوێژخوێنان بكات و، بانگێكی زیندوو بەدەنگێكی خۆش بدرێت و لەرێی ئامێری تایبەتەوە بگوازرێتەوە سەرجەم مزگەوتەكانی تر، ئەتوانین بڵێین لە زۆر لاوە خزمەتێكی باش و هەنگاوێكی گرنگ و بەجێیە، چونكە:
یەكەم: هەنگاوەكە لەرووی شەرعیەوە هیچ گرفتی نیە، بەپێی وتەی ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەكێتی زانایان پرۆسەیەكی دروست و رەوایە، لەهەمان كات بەستنەوەی هەموو مزگەوتەكان یان مزگەوتی شارەكان بە سەنتەری شاری هەولێرو تۆڕی یەك بانگی زیندوو ئاسایی و دروستە، لەبەر ئەوەی رۆژهەڵاتی شارەكان لێك نزیكەو(اتفاق المطالع) یان هەیە، كەواتە ئەم هەنگاوە بێ لێكۆڵینەوەی حوكمی شەرعی و راوێژی لایەنی پەیوەندیدار نەنراوە، بەڵكو بۆچوون و روانگەی شەرعی بۆ وەرگیراوە.
دووەم: ئەم یەكخستنە مایەی بایەخدان و سەرپەرشتی كردنی ئەم دروشم و شەعیرە پیرۆزەیە بە كواڵێتی و سەداو دەنگ و ئاوازی تایبەتەوە، كە كاریگەری لە یەك پەیامی مزگەوتەكان و تێپەڕكردنی هەندێ كەم و كوڕی بانگدانە، یەكخستنی موسڵمانان و مزگەوت و خواپەرستیەكانە، بە شێوازێك كە دەنگی خۆش و سیستەمی تایبەت بە كاتی فەرزەكان، زیاتر جێی قەبوڵ و وەرگرتنە لای موسڵمانان تا ئەوەی پێشتر هەبوو، كە زۆر جار گلەیی لە هەندێ دەنگ و ئەدای نارێك دەكراو تەنانەت هەندێ جار ناخۆشی و عادزیش روویداوە.
سێیەم: بەكارهێنانی تەكنەلۆژیاو ئامێرە هاوچەرخەكانە؛ بۆ خزمەتی شایستەو خۆگونجاندن لە گەڵ پێشكەوتنەكان و پێشكەشكردنی (بانگ)ە بە شێوازێكی رێكو پێك و دروست و رەوان و دوور لە گرفتی كەسی و بابەتی، ئەمەش لە زۆرێك لە وڵاتانی ئیسلامی جێبەجێ كراوەو پەیڕەوی سیستەمی یەك بانگی دەكەن.
چوارەم: یەكخستنی كاتەكانی بانگ و چارەسەركردنی گرفتەكانە، كە زۆر جار وا بووە مزگەوتەكان بە چەند دەقە لە دوای یەكتری بانگیان فەرمووە، یان هەر شوێنەو بەپێی بڕیارو لێكدانەوەی تاكە كەسێك بانگ دراوە، یان هەندێ جار لەسەر ئاستی شارێك پرۆژەو پێشنیارێكی پەیوەست بە بانگ كراوەو سەری نەگرتووە، ئەمەش بەتایبەت لە مانگی رەمەزان مشتومڕی ناوەتەوە، ئەم رێكخستنە دەبێتە هۆكار بۆ نەهێشتنی ئەو ناكۆكی و مشتومڕە.
پێنجەم: هەرچەندە ئەم پرۆژەیەو كەمكردنەوەی فرە بانگی وا دەكات كە بەشێكی زۆری ئەوانەی بانگبێژن یان حەزو خولیای بانگدانیان هەیە دەرفەتی بانگدانیان كەم بێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم شەعیرەیە بەپێی ئەم سیستەمە لە چوارچێوەی فەرزی كیفایە مەبەستی شەرعی دێنێتە جێ و ئاسایی و شمولیە، ئیشكالێكی ئەوتۆ دروست ناكات، لەهەمان كات ئەو بانگبێژە بەڕێزانە؛ ئەگەر نیەتیان هەبێت و نەتوانن بەشداری ئەم خێرە بن، ئەوە ئومێد بە لوتف و گەورەیی خوا- جلّ جلاله- لەسەر نیەتی باشیان پاداشتیان بۆ دەنووسێت..
شەشەم: بەو پێیەی بانگ عیبادەتەو پاداشتی لەسەرەو رەمزو سیمبولی دیندارییە، سووننەتە بە دەنگێكی خۆش و مەقام و ئاوازی تایبەت بدرێت، واتە هونەری دەنگی تێدا بەكار بێت و چێژێكی ئیمانی ببەخشێتە هەموو ئەوانەی بە رۆح تێكەڵی وشەكانی بانگ دەبن و جوابی بانگ دەدەنەوە، چونكە ئەم هونەرە چەند لە ئاستێكی باڵاو بەرزو بە چێژ بێت، هێندە زیاتر كاریگەری لەسەر گوێگران دروست دەكات و لە فەزای گشتی وێناو سیمای ئیسلام جوانتر پیشان دەدات و بایەخ بۆ چێژی (بیستن) دادەنێت، ئەم جۆرە لە هونەر لەرێی پرۆژەیەكی وا نەبێت ئاسان نیە جێبەجێ بكرێت، چونكە هونەرو دەنگی خۆش و ناوازە بەهرەیەكی خوایەو لای هەموو كەس و لەهەموو شوێنێك دەست ناكەوێ، لەبەر ئەوەش بووە لە رابردوو نەتواندراوە وەك پێویستە ئەم ئاستەی هونەری بانگبێژی پەرەی پێ بدرێت و مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.
كەواتە ئەم بانگە بانگێكی ئەلیكترۆنی و تۆماركراو نیە – كە ئەمە جێی ئیشكال و مشتومڕی زانایانە-، بەڵكو (بانگ)ێكی زیندووەو بانگبێژ لە مزگەوتی (سەواف) بانگ دەدات و لەرێی ئامێری ئەلیكترۆنی و تایبەتەوە بانگەكە بۆ سەرجەم مزگەوتەكانی تر دەگوازرێتەوە، ئیدی كە لەرووی شەرعی و دروستی و رێپێدانەوە ئیشكالی نەبێت، پشتیوان بەخوا خزمەتێكی باش پێشكەشی كوردستان و موسڵمانان دەكات..