زاری كرمانجی-سۆران:
سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەڵێت، وەک یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، گرنگیی زۆر بە پرسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەدەین و یەکێک لە بەرنامە ھەمیشەیی و لەپێشینەکانی ئێمەیە، نەک تەنیا ڕۆژ و بۆنەیەک، بەڵکوو بەردەوام کاری لەسەر دەکەین و ھۆشیاری بڵاو دەکەینەوە و پشتیوانیی ئەوانە دەکەین کە قوربانین.
ئەمڕۆ ٢٥-١١ ڕۆژی جیهانیی بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتانە، لەمفارەشەوە، زیبا تەھا ئەرگوشی، لە لێدوانێکی تایبەتدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ساڵانە ٢٥ی نۆڤەمبەر وەکو ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەت لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە دیاری کراوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەت بەم پرسە دەدات و ساڵانە مەراسیم و چالاکیی جۆراوجۆر ڕێکدەخات، ئەو پرسە جێی بایەخی خودی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتە و ساڵانە بەشداریی چالاکیی ئافرەتانی کوردستان دەکات لە خەباتەکەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و پشتیوانیی قوربانیان و ڕێگریکردن لەو دیاردە ترسناکە، چونکە توندوتیژی پەیوەست نییە بە کۆمەڵگەیەکی تایبەت یان کاتێکی مێژوویی دیاریکراو، لە ھەموو جیھاندا ئافرەتان توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، بەڵام ھۆکارەکان جیاوازن و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دامودەزگای تایبەتمەندی بە پرسی ئافرەت ھەیە، کە ئەنجوومەنی باڵای گەشەپێدان و خانمان دەزگایەکی باڵایە و ساڵانەش بە فەرمی چالاکیی تایبەت بەم پرسەی ھەیە.
ئەرگوشی جەختیش دەکاتەوە: لەسەر ئاستی سیاسی و دەسەڵاتە جیاجیاکان و ڕاگەیاندنەکان و ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و ناوەندە رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان، ئەم ڕۆژە گرنگیی پێ دەدرێت و ھەمووان مەبەستمان ئەوەیە، کە ئاستی ھۆشیاریی کۆمەڵایەتی دەربارەی کاریگەرییە ھەرە نەرێنییەکانی ئەم دیاردە ترسناکە لەسەر خێزان و کۆمەڵگە و سیستەمی دەسەڵاتیش ڕوون بکەینەوە و کۆمەڵگە ھۆشیار بێت لەوەی، کە ئەم دیاردەیە ترسناکە و ڕەفتارێکی نامرۆڤانەی دوور لە بەھاکانی مرۆڤایەتییە و ئاکامی مەترسیداری ھەیە، بۆیە ئەوەی پەنای بۆ ببات، دواتر خۆشی دەبێتە قوربانی و ئامارەکان بەردەوام لە زیادبوون و کەمبوون یان ھەڵکشان و داکشاندان، بە گشتی دەتوانم بڵێم بەردەوامە و ڕۆژانە ئافرەتان دەبنە قوربانیی ئەم ڕەفتارە نامرۆڤانە، کە ھۆکاری جیاجیای ھەیە و دەکرێت ھۆکارەکان پەیوەندییان بە ناھاوسەنگییەکانی ھێز لە نێوان ئافرەت و پیاودا ھەبێت، دەکرێت ھۆکارەکان کۆمەڵایەتی یان دەروونی یاخود ئابووری بن، ھەموو ئەو فاکتەرانە ڕۆڵیان ھەیە لەوەی ڕەگەزێک باڵادەست بکەن بەسەر ڕەگەزەکەی دیکە و توندوتیژی بەرھەم بێت، کە بێگومان ئاکامی ئەم ھاوکێشەیەش، قوربانیبوونی ئافرەتە.
سکرتێری یەکێتیی ئافرەتان دەشڵێ: ئێمە لە یەکێتیی ئافرەتان گرنگیی زۆر بەم پرسە دەدەین و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی یەکێکە لە بەرنامە ھەمیشەیی و لەپێشینەکانی ڕێکخراوەکەمان، کە نەک ھەر ڕۆژ و بۆنەیەک، بەڵکوو بەردەوام کاری لەسەر دەکەین و ھۆشیاری بڵاو دەکەینەوە و پشتیوانیی قوربانیەکان دەکەین بە ھەموو ئامرازەکانی بەردەستمان ھەوڵ دەدەین ئافرەتان ھۆشیار بکەینەوە، کە توندوتیژی قبوڵ نەکەن، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی ڕوو لە یاسا بکەن، ڕێکخراوەکانی ئافرەتانیش بە پشتیوانی خۆیان بزانن و دەستبەرداری مافەکانی خۆیان نەبن، ئێمە وەکوو یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ھەموو کات و ھەموو ناوەندەکانمان لە پشت ئەو ئافرەتانەین، کە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت.
ناوبراو باسی لەوەش کرد: دەمانەوێت ئافرەت و پیاو وەک دوو مرۆڤی یەکسان و ھاوشان و ھاوئاست لە یەکدی بڕوانن، نەک دوو ڕکابەر یاخود کۆیلە و باڵادەست و ئاشتی لە خێزانەوە بۆ کۆمەڵگە دەگوازرێتەوە و توندوتیژی زیان بە ھەموو کۆمەڵگە دەگەیەنێت و پێشکەوتن ڕادەگرێت و ئاشتەوایی دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە با ھەموومان بەرەنگاری ئەم دیاردە ترسناکە ببینەوە.