زاری كرمانجی-سۆران:
وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لە ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەتان ڕایگەیاند، بە فەرمانی مەسروور بارزانی، نابێت تاوانبارانی کوشتنی ئافرەت لێبوردنی گشتیی بیانگرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٥ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەتان ڕایگەیاند: زیاتر لە دوو ھەزار و ٥٠٠ ئافرەتی ئێزدی لە دەستی تیرۆرستانی داعشدا ماون، کە تاکوو ئێستە نەمان توانیوە ڕزگاریان بکەین، بەڵام دامەزراوەکانی حکوومەت لە ژێر سەرپەرشتیی و چاودێریی خودی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت و بە ھەموومانەوە لە ھەوڵی ئەوەداین لە ئایندەدا بتوانین ئەوانیش ڕزگار بکەن و بتوانین بیانگەڕێنینەوە کوردستان و باوەشی خیزانەکانیان.
وەزیری ناوخۆ دەڵێت: ئێستا جیھان ڕووبەڕووی چەندان قەیرانی مرۆیی و ژینگەیی بووەتەوە، گۆڕانەکانی کەشوھەوا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی ئافرەتان داناوە.
هاوکات دەشڵێت: ئێمە لە کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کارمان لەسەر لێکەوتەکانی ئەم گۆڕانە کردووە، جێبەجێکردن و داڕشتنی پلانی پڕۆژەکان لەسەر حەوت بنەمای ستراتیجی ناسراو بە “ڕیسپێکت” کاری لە پێشینەی حکوومەتە بۆ نەھێشتنی توندوتیژی و چەسپاندنی ئاشتیی و ئاسایش.”
ڕێبەر ئەحمەد باسی لەوەشکرد: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم چەندان ھەنگاوی بە کردار بۆ کۆتایی ھێنان بە توندوتیژی ناوە بەشێکیان لەلایەن ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان ئاماژەی پێکراوە ئەوی دیکەشیان لەلایەن یەکەکانی پۆلیس و دادگاکان ڕاوێژکارەکانی کۆمەڵایەتیی کاری گرنگی کراوە و بەردەوامیش دەبین لە بابەتە.
وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: ئەوەی لەھەمووی گرنگترە ئەوەیە لە ژێر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت نابێت تاوانبارانی کوشتنی ئافرەت، لێبوردنی گشتیی بیانگرێتەوە، بۆ ئەم بوارەش ھەوڵی ڕژد دراوە و ھەموو یەکەکانی پۆلیسیش ڕاسپێردراون، کە نابێت ھیچ دەرفەتێک لەدەست بدەن بۆ دەستگیرکردن و ڕادەستکردنی تاوانباران بە دادگە و وەرگرتنی سزای یاسایی خۆیان.

































































