محەمەد ئەردەلان ئەحمەد
سەدەی نۆزدەهەم وەك قۆناغێكی سەرەكی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا سەیر دەكرێت، چونكە سەدەیەك بوو لە گۆڕانكاری و داهێنان. سەردەمێك بوو كە جیهانی نوێ بە شێوەی قووڵ لە قاڵب دەدا، ئەم سەدەیە شاهیدی سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی بوو كە جیهانی بە شێوەیەكی خێرا گۆڕی.
لە دڵی گۆڕانكاری سەدەی نۆزدەهەمدا شۆڕشی پیشەسازی بوو. شۆڕشێكی گەورەی لە بواری بەرهەمهێناندا كرد بە داهێنانەكانی وەك بزوێنەری هەڵم و هێڵی ئاسن…. هتد. گۆڕانكاری لە ئابووری كشتوكاڵییەوە بۆ وڵاتانی بەهێزی پیشەسازی شارنشینی بێ وێنەی بەخۆیەوە بینی، چونكە ملیۆنان كەس لە ناوچە گوندنشینەكانەوە ڕوویان لە شارەكان كرد و بەدوای كاردا دەگەڕان. ئەم قۆناغە شایەتی لەدایكبوونی سیستەمی كارگە و هێزی كۆمەڵایەتی نوێ بوو، كە چینی كرێكاری پیشەسازی وەك هێزێكی بەرچاو سەریهەڵدا. بەڵام ئەم پێشكەوتنانە ئاستەنگەكانیشیان هێنایە ئاراوە، لەوانە بارودۆخی سەختی كاركردن، ئەمەش بووە هۆی پێكهێنانی سەندیكای كرێكاری و بزووتنەوەكانی مافی كرێكاران.
لە ڕووی سیاسییەوە سەدەی نۆزدەهەم بە بڵاوبوونەوەی بیرۆكەی شۆڕشگێڕانە بوو. شەڕەكانی ناپلیۆن سنوورەكانی ئەوروپایان داڕشتەوە و هەستی ناسیۆنالیستییان هەڵگیرساند، ئەمەش بووە هۆی یەكگرتنی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا. لە هەمان كاتدا زۆرێك لە گەلان لەگەڵ فراوانبوونی كۆلۆنیالیزم و شۆڕش بۆ سەربەخۆیی شۆڕشیان كرد. لە ئەمریكا ئەو سەدەیە شەڕی ناوخۆ (١٨٦١-١٨٦٥)ی بەخۆیەوە بینی، كە وەرچەرخانێكی چارەنووسساز بوو لە شەڕی دژی كۆیلایەتیدا لە ئاستی جیهانیدا، بڵاوبوونەوەی ئایدیاڵە دیموكراسیەكان دەستیكرد بە دژایەتیكردنی پاشایەتی و پلەبەندییە نەریتییەكان، ئەمەش ڕێگەی خۆشكرد بۆ پێكهاتەكانی حوكمڕانی نوێ.
لە ڕووی كولتوورییەوە ڕۆمانسیزم گەشەی كرد، كاردانەوەی هەبوو بەرامبەر بە عەقڵانیزمی ڕۆشنگەری. جەختی لەسەر هەست و سۆز و سروشت و تاك دەكردەوە، كاریگەری لەسەر ئەدەب و هونەر و مۆسیقا هەبوو. لەم نێوەندەدا پێشكەوتنی زانستی تێگەیشتنی نوێی بەدوای خۆیدا هێنا. بڵاوكردنەوەی كتێبی (لە بارەی سەرچاوەی جۆرەكان) (On the Origin of Species)ی چارڵز داروین (١٨٥٩) دژایەتی عەقیدەی ئایینی دامەزراوی كرد و زانستی بایۆلۆجی گۆڕی. هەروەها ئەم سەدەیە شایەتی لەدایكبوونی ڕیالیزم بوو لە هونەر و ئەدەبدا، كە ڕەنگدانەوەی گۆڕانكاری و شۆرشە كۆمەڵایەتییەكانی ئەو سەردەمە بوو.
بەڵام ئەم سەدەیە بە لایەنی تاریكتری ئیمپریالیزمیشەوە دیار بوو، چونكە زلهێزە ئەوروپییەكان ئیمپراتۆریەتەكانیان فراوانتر كرد و خاك و خەڵكیان لە سەرانسەری ئەفریقا و ئاسیادا دەست بەسەر داگرت. دەرئەنجامی ئەم كردەوانەیان تا ئەمڕۆش لە زۆرێك لە وڵاتانی ئەفریقیا و ئاسیا دەبینرێ.
بە كورتی، سەدەی نۆزدەهەم سەردەمێكی هەم پێشكەوتنی بەرچاو و گۆڕانكارییەكی زۆری هێنا ئاراوە هەم بوو بە هۆی دەركەوتنی كۆلۆنیالیزم وە ئەم سەدەیە زەمینەی بۆ ئەو جیهانە دانا كە ئەمڕۆ مرۆڤایەتی تێیدا دەژی. تێگەیشتن لە ڕووداوەكانی ئەم سەدەیە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی داهاتووویەكی باشتر بۆ مرۆڤایەتی بنیاد بندرێت.
- سەرچاوەكان :
1. https://www.britannica.com/topic/social-science/The-19th-century
2. https://www.oed.com/discover/nineteenth-century-english-an-overview/?tl=true
3. https://policycommons.net/topics/nineteenth-century