زاری كرمانجی-سۆران:
دووشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرۆکایەتیی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکیدا دەڵێت: “لە ڕۆژی جیهانیی بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان، پابەندیمان به پاراستنی مافەکانی ژنان لە کوردستان نوێ دەکەینەوە، ههروهها دڵنیایان دهكهینهوه كه بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و جیاکاریی بهرانبهر ئافرەتان. تواناسازی و بەهێزکردنی پێگەی ژن، کە بەردی بناغەی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و پێشکەوتووترە.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “هەرێمی کوردستان پێشەنگ بووە لە پشتگیریی مافەکانی ئافرەت و دابینکردنی دەرفەت بۆ بەشدارییان لە ژیانی سیاسی و کارگێڕی بە یەکسانی لەگەڵ پیاودا. ئێمە باوەڕمان وایە کە ژن نەک تەنها هاوبەشێکی سەرەکییه لە بڕیاردان، بەڵکو بنەمایەکە بۆ گۆڕانکاری و گەشەپێدانی بەردەوام.”
ئاماژەی بەوەش کرد “لەم ڕۆژەدا، داوای هاوکاریی زیاتر دەکەین لەنێوان دامەزراوە حکوومییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مێدیاکاندا، بۆ بڵاوکردنەوەی زیاتری هۆشیاری و بەهێزکردنی بەهاکانی لێبوردەیی و یەکسانی. هەروەها جەخت دەکەینەوە کە بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان، پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی هەمووانە بۆ دڵنیابوون لە بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش و ئارام بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە. لهم بۆنهیهدا بەڵێن بە ئافرەتانی کوردستان دهدهین کە بێ وچان بەردەوام دەبین لە کارکردن، بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی و بههێزكردنی تواناكانیان بۆ جێبەجێکردنی ڕۆڵی گرنگیان لە خزمهتكردن و بنیاتنانی وڵاتدا.”