بەڕێوەبەرێکى کەشناسى: شەپۆلێکى بەهێزەو لە ١٤ ساڵى رابردوو وێنەى نەبووە
زارى کرمانجى-سۆران:
شەپۆلێکی بەهێزی سەرما عێراق و هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە، بەپێى قسەى شارەزایانى کەشناسى لە 14ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە.
عامر جابری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی کەشناسی عێراقی ڕایگەیاند “چاوەڕوان دەکرێت لەمڕۆوە شەپۆلێکی سەرما ڕوو لە عێراق بکات، کە لە ماوەی 14ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە.”
عامر جابری گووتیشی: “شەپۆلە سەرماکەی عێڕاق لەمڕۆوە دەست پێ دەکات و زۆر بەهێز دەبێت، بە چڕی ڕۆژئاوای ئەنبار تا موسڵ دەگرێتەوە، هەروەها بای بەهێزیشی لەگەڵدا دەبێت، لەگەڵ خۆڵبارینێکی کەم.”
ئاماژەی بەوەشکردووە “تا ڕۆژی سێشەممە شەپۆلەکە بەرەو باکووری عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵدەکشێت، پلەکانی گەرماش چوار پلە دادەبەزن.
لای خۆیەوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات “کاریگەریی شەپۆڵێکی باران لەگەڵ بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری ڕوو لە ناوچەکانی هەرێـمی کوردستان دەکات و ئەمڕۆ دووشەممە کاریگەری شەپۆلی بارانەکە زیاد دەبێت و پێشبینیش دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر ببارێت.”