هادی باڵەیی
باران لە ژیانی مندا مەغزاو مانای تایبەت بە خۆی هەیە، بۆ من باران خۆشییەکی تایبەت و یادەوەری شیرین و پڕ حەسرەتیشی هەیە!. لە دڵۆپە تازەکانی بارانی پاییزدا دەیبینم و هەستی پێدەکەم ئەوسا ، بە هێواشی دادەباری و ڕووخسارە ماندوونەناسەکەی باوکمی تێکهەڵ بە شەونمە ئارەقەی پەلەپڕووزێی کۆکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی ساڵ لەپاییزدا دەکردو بە بۆنە خۆشەکەی وای لێدەکردین هەست بە ئومێد بکەین، و پێمانی دەگوت “کە خێر دێت، بەرەکەتی هێناوە بۆ زستانی ساردو سڕ” دڵخۆش دەبووین و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد کە بەسەر ڕووی زەویدا دابارێت.
وشە جوانەکان دەربارەی بارانی پاییز بۆ هەموو ساتێکی جوان هەیڤی یەک شەوەن ناسک و سەرنج ڕاکێش و ئەوەنەی مرۆڤ حەزبکات لەبارەیدا هەیە، لە هەموو دڵۆپێکی درەوشاوەی باراندا، چیرۆکێک لە دڵی مرۆڤی فەلاح و ئەویندار نیشتەجێ دەبێت و ڕۆحی بۆ ئاسمان دەپاڕێتەوە. هەموو نۆستالجیای زەوی وەک بۆنێکی بەتام دێت بەرەو ڕووی کاتێک یەکەم دانەوێڵەی باران لە دڵی زەویدا دادەچەقێت. لای من دڵۆپە بارانەکانی پاییز لە وشە میهرەبانەکانی باوکم دەچن، و پرس و جوێم لەگەڵ دەکەن!ئایا باران دەبارێت و ڕق و قینی سنگ و تاریکی دڵەکان دەشواتەوە..؟ چاوەرێی ڕێوڕەسمی پاییز و بارانم ئەمن، بۆ هەڵمەکە کە لە کوپی قاوە گەرمەکەمەوە هەڵدێت بۆ ئەوەی دەفتەرێکی یادەوەری لەسەر پەرداخی پەنجەرەی ژوورەکەم دروست بکات و پەنجەکانم گەرمترین پەیامی نهێنی بیرکردنی بۆ بنووسن.
ئای چەندە خۆشە کاتێ باران دەبارێت، ڕەنگەکان لە دەم و چاوەکان لادەبرێن و هەموو شتێک دەگەڕێتەوە بۆ بنچینەی خۆی بەبێ فێڵ و دروستکردن، بەبئ ماکیاژو ماسک. دوایین دڵۆپەبارانی پاییز وەک دوا پەیام کە دەگری، بە بێدەنگی و لە بێ دەنگی ڕامانئەچڵەکێنئ. باوکم دەیگوت “زەوی ئەوەندە خراپ نییە چون کاتئ کە باران دەیشوات پاک و بەتام دەبێت”. تۆ سەیری ئەو میهرەبانیەی باوکم!. ئێستا حەزم لە بۆنی باران و لقەکانی هەڵوەریوی داری سەمای شنەبای ساردی پاییز و شەپۆلە بارانێکی هێمن لە دەستی شاخی مامەڕووتە دەڕژێت و ڕۆح بە نیشتمانێکی جوان و پیرۆزدا دەکات، کە تەنیا وەک ماچێک دەکەوێتە سەر ڕوومەتی پیرەپیاوێکی شەکەت لە باران باریندا. هیچ خاڵێک نییە لە پەنابردن لە چەتری وشەدا بۆ بێدەنگی لە ڕووی باران، ئەم یادەوەریە کاریگەری تەمی سەر پەنجەرەکەم چالاکتر دەکا، دەروونیش ئارامتر، زیاتر وەک سیمفۆنیای بێهاوتا کە بە سروشت گۆرانی دەڵئ. ڕۆحەکان حەز دەکەن لە باراندا پیاسە بکەن، ئەوان زیادەڕۆیی ناکەن. وەرن سەیرێکی من بکەن، ئاخۆ دڵۆپەکانی باران لە فرمێسکەکانی دوو دییەی من دەچن؟ فرمێسکەکانی من پاک و ڕاستگۆن و لە قووڵاییەکانەوە ڕیزیانگرتووە.
من خۆری پاییزم خۆش دەوێت کە کورتەکە تەڕەکەی باوکمی وشک دەکردەوە، باران هەموو دڵۆپەکانی چیرۆکێکن بێوێنە، بارانم خۆش دەوێت، بۆنی چەندە خۆشە باران. وەک ئەو گۆرانیە جوانە وایە کە ئاسمان لەسەر پانتایی بۆشاییەکان دەژەنرێت بەبێ ئەوەی لەلایەن مرۆڤەوە تێکدرابێت. باران دێت و هەموو نیگەرانییەکانی جەستە دەشواتەوە و بیرمان دەخاتەوە کە ژیانی منداڵیمان چۆن بوو، ڕامان دەکرد و دەپەڕیینە ژێر شەپۆلی بارانەوە و پێدەکەنین و ڕامان دەکرد و لەژێر بنمیچێکی چڵووی خانوویێکدا سەمامان دەکرد و ئاییندە دەدرەوشایەوە لە چاوەکانماندا. نڕەی باوکمم لە بیرە، دەستەکانی بەرزدەکردنەوەو دەیفەرموو “ئەی خودا بە بارانی رەحمەتی خۆت برین و ئازارەکانی ئەو میللەتە ستەمدیدەیە بشۆ، با باران دڵۆپە بکات و خەمەکانمان فڕێ بدا، ئەو ئازارانە لاببەو بەر لە وشکەساڵی بگرە و دەغڵ و دانمان پاڕاو بکە، خودا ئەوانەی کە بۆ ئازادی لەهەوڵدان و دژی تووڕەیی و داگیرکارین مرۆڤگەلێکن کورد ن ، بارانیان دەوێت نەک هەورە بروسکە بیانپارێزە، سەریانخە، نیشتیمانمان سەوزبکە، گیانی شەهیدان و کۆچکردوانمان شادو ئارام بکە”. بۆیە هەرچەند سەیری جوانی باران دەکەم و زەردەخەنەی بۆ دەکەم، بۆ ساتێکیش بئ نیگەرانیەکانم لەبیر دەبا و هەست بە دڵفراوانی بۆ هەموو شتێک دەکەم.
ئێستا خۆزگەم بە منداڵی، ئەوکات وامەزانی بێ هەوریش باران دەبارئ، نەمدەزانی کە دەریا یەکەم سەرچاوەی ئیلهامە، نەمدەزانی باران بە ئاشکرا دەبارێت! وا حاڵی نەبووبووم کە باران ژیان و خۆشییە، منداڵێکە بە جلی پەمەیی خۆی دەکا بەبن سواندەیەکی تێکچڕژاو. ئەو سا چاوم لە ئاسمان دەبڕی، ئاسمان سەرەڕای ڕەشی هەورەکان لەسەروویەوە دەدرەوشایەوە و دەستم درێژ دەکردەوە بۆ درێژترین مێرووی باران و هەستم دەکرد باڵندەیەک هێلانەی خۆی کۆکردۆتەوە و لە کۆتاییدا لەسەر لقەکەی خۆی پشوو دەدات! نیشتمانم جانتایەک بوو جانتاکەم نیشتمان. خەڵکەکەی بەدوای شوێنێکدا دەگەڕان لە نێوان شڕپەل و باراندا. من بیری ئەوە دەکەم کە باران لە شووشەی پەنجەرەکەمی دەدا بۆ بڵاوکردنەوەی دڵخۆشی بە درێژایی نیشتیمانەکەم. ئێستا بە دەست لێدانی باران، بۆنی جوانی بۆنەکەی باوکم دەکەم. باران بۆ ڕۆژانێک دەمگەڕێنێتەوە کە ناگەڕێنەوە. بارانم خۆش دەوێت و هەموو کژوگیایەکیش کە لەبەر رەحمەتی باران سەروەدەردەنئ خۆشم دەوێن.