زاری كرمانجی-دیانا
بەهاوكاری شوێنەوارناسانی زانكۆی كیلی ئەڵمانی، لە نوێترین كنەو هەڵكۆڵینی ئەم وەرزەدا لە شوێنەواری گردەدەشت، لە سنووری ناحیەی ديانا، توانراوە پاشماوەی دوو كارگە بدۆزرێتەوە.
لای خۆیەوە د.عەبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوارو كەلەپووری سۆران، رایگەیاند : ” شوێنەواری گردەدەشت لە سنووری ناحیەی دیانا، یەكێكە لە سایت و شوێنەوارە هەرە گرنگەكان، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە شەش هەزار ساڵ لەمەوبەر، شوێنەوارناسانی زانكۆی كیلی ئەڵمانی، لەمانگی ڕابردوودا وەرزێكی نوێی هەڵكۆڵینیان بە هەماهەنگی شوێنەوارناسە ناوخۆییەكان لە باكوری شوێنەواری گردەكە لە چینەكانی شارستانییەتی عبید ئەنجامدا”.
گووتیشی: ” لە نوێترین كنەو پشكنین توانیان كارگەیەكی تایبەت بە دروستكردنی چەقۆی بەردین بدۆزنەوە، بەپێی لێكۆڵینەوەكان ئەو جۆرە بەردە گرانباهایانەی لە كارگەكە بەكار هاتوون لە سنووری ئێمەدا نییە، بەڵكوو ئەو بەردانەیان لە دەریاچەكانی وان و ئورمییە گواستراونەتەوە، لە چینێكی دیكەی گردەكە شوێنەوارێكی كارگەیەكی بچوكی تواندنەوەی كانزای مس دۆزرایەوە، دیارە لە كۆنەوە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە كەسی زاناو شارەزایان هەبووە، لە دروستكردنی كەل و پەل و پێداویستی ڕۆژانەیان لە پێكهاتەی كانزایی”.