مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كۆڵبەرێكی بە تەمەنی كورد، بە هۆی ماندوویەتی زۆرەوە دڵی لە لێدان دەكەوێت و گیان لەدەستدەدات.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە “دوێنێ شەممە 23ـی تشرینی دووەم، كۆڵبەرێكی بە تەمەنی كورد بە ناوی (محەممەد كەریم ئەزەغ) خەڵكی گوندی بڵبەر سەر بە سەوڵاوای رۆژهەڵاتی كوردستان، لە كاتی كۆڵبەریدا لە بەرزاییەكانی سنووری نەوسوود بە هۆی گوشاری زۆری كارەوە، تووشی ڕاوەستانی دڵ بوو و گیانی لەدەست دا.”
بەپێی ئامارێكی كۆڵبەرنیووز، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ، بە گشتی 270 كۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەكان و ڕێگاكانی نێوان پارێزگاكانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، كوردستان و كرماشان، بە هۆكارەكانی (تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەكانی ئێران، ڕنو و سەرمابردووی، بەر مین كەوتن و كەوتنە خوارەوە لە شاخ) كوژراون و برینداربوون. كە لەو ژمارەیەدا 34 یان كوژراون و 236 دیكەش برینداربوونە.