شەهید عەبدوڵڵا ئیبراهیم
قوتابی قۆناغی چوارەم، بەشی مێژوو ـ زانكۆی سۆران
مێژووی دێرین؛ ئەوەی مرۆڤ جێیهێشتووە، جۆراوجۆرە لە سەرجەم شوێنەوارەكان بۆ تێگەیشتنمان لە ڕابردوو و ڕوونكردنەوەی لە ئێستادا و ئەوەی جێمان هێشتووە، لەو شوێنانە و بەكارهێنانی ئامڕازەكانی دروستكردن لە بەرد و تەختە و ماڵ و هەڵكەندنی وێنەی سەر ئەشكەوتەكان لە سەردەمی بەردینی دێرین، هەروەها ئێسك و پروسكی ئەو ئاژەڵانەی ڕاویان كردووە و پاش سەردەمی ڕووەك و زانیاری خاكناسی و پەیوەندی بە جۆری ئاو و هەوای ئەو ژینگەیەی تێدا ژیاون. ئاشكرایە ئەم شوێنەوارانە ئاوا بە ئاسانی نەدۆزراونەتەوە، كە زۆربەیان لەژێر گڵ و قوڕ و لیتە و گردۆڵكەكاندا لە ئەشكەوت و ڕۆخی ڕووبارەكان بوونە، كە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردینی دێرین و چۆن زانستییانە هەستاون بە كاری دەرهێنانی لەلایەن پسپۆڕانی بەتواناوە.
ئەو گەڕان و پشكنینانەی لە زانستی نوێ بۆ سەردەمی پێش مێژوو كراوە؛ دەگەڕێتەوە بۆ هۆكاری زانستی شوێنەوار بۆ دەوڵەمەند بوونی زانیاری مرۆڤایەتی لە پێشكەوتنی مرۆڤ پێش ملیۆنێك یان دوو ملیۆن ساڵ، بەپێی نوێترین دۆزینەوە؛ ئەویش بە بەرەوپێشچوونی ژیان لەسەر زەوی، بە پێشكەوتنی هەندێك لە گیاندارە پێشكەوتووەكان و دەركەوتنی زمانی مرۆڤ و دروستكردنی ئامێر كە لە گیاندارەكانی جودا دەكاتەوە، ئەویش گۆڕانی جۆری مرۆڤی دێرین بۆ مرۆڤی نوێ كە بە مرۆڤی ژیر (هۆمۆ سایپێنس) ناسراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ٥٠٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا.
ژیانی مرۆڤ بەشێكی زۆری پێش مێژوو بردووەتە سەر و تەمەنی دێرینترین شارستانییەتی مرۆڤایەتی نزیكەی پێنج هەزار ساڵە، واتە سەردەمی پێش مێژوو زیاتر لە سەدا ٩٩ـی تەمەنی مرۆڤ و سەدا٩٨ـە سەردەمی بەردینی دێرینە.
ئەوەی هەستی پێ دەكەین و زانیاریمان هەیە لەسەر ئەوەیە كە سەردەمی پێش مێژوو؛ كورت بووەتەوە لەو ئامێرە سەرەتاییانەی كە مرۆڤ بەكاریهێناوە و لە پاش سەردەمی ئێسك و ئامێرەكانی كە بۆ بەسەربردنی بژێوی و ژیانی خۆی بەكاریهێناون.
بێگومان ناونانی بەردینی دەگەڕێتەوە بۆ تەكنەلۆژیا؛ چونكە مرۆڤ تیایدا ئامڕازەكانی ئامێری دروست كردووە لە بەرد و ئێسك و تەختەشی بەكارهێناوە كە مرۆڤ لێرەدا هێشتا ئاشنا نەبووە بە كانزا، توێژەران ئەم سەردەمی بەردینە دابەش دەكەن بۆ دوو سەردەم؛ هەریەكەیان بەشی تایبەتی لە بژێوی ژیانی ئابووری هەیە بۆ ئەو جۆرە ئامێرە بەردینانەی بەكاریان هێناوە كە بە سەردەمی بەردینی دێرین و دووەمیشیان بە سەردەمی بەردینی نوێ ناودەبرێت، جێگەی ئاماژەشە ئێستا سەردەمی بەردینی ناوەڕاست بە سەربەخۆ باسدەكریت لەنێوان سەردەمی دێرین و نوێدا.
مرۆڤ لەم سەردەمەدا تەنیا پەنای بۆ بژێوی ژیانی بردووە بۆ خواردن دوور لە كشتوكاڵ و بەخێوكردنی پەلەوەر و ئاژەڵ كە بە زاراوەی كۆكردنەوەی خواردن ناوبراوە لە سەردەمی بەردینی دێریندا.
هەتاوەكوو ئێستا نازاندرێت بە تەواوەتی كە لەپێش دوو ملیۆن ساڵدا چلۆن ئامێرەكانی لە بەرد دروستكردن و نازاندرێت چلۆن ئەم مرۆڤە دێرینانە لە بەردی سروشتی و دار و لقەكانی و ئێسكی ئاژەڵی بەكارهێناوە بۆ بەرگریكردن بەرامبەر بوونەوەرە دڕندەكان كە مرۆڤ بەرامبەریان لاواز بووە و بە پێشكەوتنی درێژخایەنی زیندەوەرناسی و توانای ئاوەزی و جەستەیی بە درێژایی كات بووە بە گەورەیی گیانلەبەرانی گۆی زەوی ئەو سەردەمە و لەمانە فراوانبوونی مێشك و توانای قسەكردن و لێهاتووی دەست و پەنجەكان بۆ دروستكردنی ئامێرەكان و ڕۆیشتنی تەواوی و بەرجەستەبوونی بینینی و چاودێری بۆ پەروەردەی منداڵ و توانای وشە و دروستكردنی ئامێر كە بەو بابەتانە زاڵ بێت بەسەر ژینگەكەیدا و هەندێك لە مرۆڤناسەكان ئەم ئامێرانەیان ناوناوە (ئەندامی زیادەی مرۆڤ) كە توێژەران بە چەند شتێكی پێویستی دەزانن لە مرۆڤدا و دواتریش توانیویەتی ئاگر بەكاربهێنێت.
ئەنجامی پشكنینی نوێ دەریخستووە كە پاش سەردەمی مرۆڤی دێرین نموونەیەكە لە پاش سەردەمی ئێسكەكان بۆ چ جۆرە مرۆڤێك پێش دوو ملیۆن ساڵ دەگەڕێتەوە. كە زانیمان كاتی سەردەمی بەردینی دێرین دەكەوێتە سەردەمی خاكناسی (پلایستۆسین) كە تەرخانكراوە بۆ نزیكەی ملیۆنێك ساڵ؛ واتە دەركەوتنی یەكەم نموونەی مرۆڤ پێش ئەم سەردەمە لە دوا سەردەمی پێشووی (پلایستۆسین)، بەڵام دڵنیابن لەوەی ئەم جۆرە مرۆڤانە پێش سەردەمی بەردینی دێرین دەركەوتوون، واتە پێش پلایستۆسین دەستكراوە بە دروستكردنی ئامێرە بەردینەكان.
گەلێك لە پسپۆڕان سەدەی پێش مێژوویان تەرخان كردووە بۆ سەردەمی پێش بەردینی دێرین و نەزاندراوە بە چەند سەردەمێك ناونراوە (ئایولیپی)، بەڵام گەلێك لە توێژەران دڵنیا نین لەو بەردانەی بەكاریان هێناوە، ئایا سروشتین یان دەستكردە و بەو جۆرە ئامێرە بەردینانە دەگوترێت (ئامێری تەلیزم) كە لە گەلێك شوێن دۆزراونەتەوە.
ئەوەی لە میسیۆپۆتامیا؛ لە سەردەمی پێش مێژوودا بووە، سەردەمی (پلایستۆسین) كە ئاووهەوایەكی گەلێك سارد بووە كە دیاردەی سەردەمی سەهۆڵبەندان بووە و لە مێژووی زەوی لە ڕووی خاكناسییەوە دەستنیشانی سەردەمی سەهۆڵبەندانە (لە ماوە جوداكاندا) لە تەمەنی زەوی و هەندێكیان پێش سەرهەڵدانی مرۆڤ بە ملیۆنەها ساڵ بووە.
یەكەم سەردەمی درێژخایەنی سەردەمی بەردینی دێرین؛ نیوەی پلایستۆسین پێش نزیكەی (٥٠٠٠٠٠) ساڵ كە گشتی سەردەمی بەردینی بووە، لەم ماوەیەدا پێشكەوتنی ڕۆشنبیری لە ژیانی مرۆڤدا ڕوویداوە، وەك دروستكردنی ئامێرە بەردینەكان كە دەتوانین بە سێ سەردەمی سەرەكی دابنێین:
1ـ سەردەمی بەردینی دێرینی یەكەم یاخود ژووروو :
ێ. قۆناغی (ئەبیفیلی) كە كۆن (شیلی) بووە.
ب. كلاكتونی.
ج. ئاشولی.
د. لڤالۆزی.
2ـ سەردەمی بەردینی دێرینی ناوەڕاست :
ێ. لفالوزی – موسیری.
ب. موستێری.
3ـ سەردەمی بەردینی دێرینی ژووروو یاخود دووەم :
ێ. پریگودی – شاتیل بیرونی
ب. ئورغنیشی
ج. سلوتری
د. مەگدەلینی
لە میسیۆپۆتامیا بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی جۆری سەردەمی بەردینی دێرینی ناوەڕاست كە هەردوو سەردەمی (لڤالوازی – موستێری) دەگرێتەوە دۆزراوەتەوە، ئەمە سەردەمی سەهۆڵبەندانی سێیەمیشە و لێرەدا لە ئەشكەوتی شانەدەری جۆری مرۆڤی نیادرتاڵ دۆزراوەتەوە .
سەردەمی بەردینی ژوورووش بۆ دواكانی سەهۆڵبەندانی چوارەم كە بە (ورم) ناوبراوە، لە پێش ١٢٠٠٠٠ بۆ ١٥٠٠٠ ساڵە و لە ٤٠٠٠٠ ساڵ تێناپەڕێت و تەلیزمە بەردینەكان بەرەو پێش چوون كە هەندێكیان یەك سەریان هەیە، لە ئێسك و دار و بەرد دروستكراون. دەركەوتنی هونەری وێنەكێشان و هەڵكەندن لەسەر دیواری ئەشكەوتەكان بە سەردەمی (برادۆستی) ناودەبرێت كە بۆ زنجیرە چیای برادۆست دەگەڕێتەوە، لەم سەردەمەدا پێشكەوتنی زیندەوەرزانی ڕوویداوە لە ژیانی مرۆڤ بەرەو مرۆڤی ژیر و مرۆڤی نیاندەرتاڵ بەرەو لەناوچوون چوون.
دیارە سەردەمە سەهۆڵبەندییەكان كاریگەرییەكی تەواوی لەسەر ئەورووپا هەبووە، بەڵام ئەمە لە میسیۆپۆتامیادا تەواو جیاوازتر بووە، چونكە تیایدا بەرەو باران و وشكانی چووە، وەهاش دەردەكەوێت كە دوور بووە لەو سەهۆڵبەندانە بەهێزە و بووە بە هۆكاری بارانی زۆر و دروستبوونی شیو و دۆڵ و ڕووبارەكان.
كاتێك دەمانهەوێت مێژووی زنجیرە چیاكانی زاگرۆس لە سەردەمی چاخە بەردینەكاندا دیاری بكەین، دەكرێت بەو ڕاستییە بگەین كە ئەم ناوچانە لە بەرەبەیانی مێژووەوە مەنزڵگایەكی شیاو و هێمنی مرۆڤە سەرەتاییەكان بووە. ئەوەش بە هۆی بوونی دەیان ڕووبار و زێ و چۆم و دۆڵ و چیا، لە پاڵ ژیانی سەدان گەلە گیانداری شیردەر لە جۆرەكانی (كەرەكێوی و ئاسك و گاكێوی) كە جێگای سەرنج و بایەخی مرۆڤە سەرەتاییەكان بووم، ئەوانیش لەسەر ڕاوكردنی ئەو گیاندارانە ژیاون و یەكەمین پیشەی مرۆڤە سەرەتاییان دروست كردووە. ئەمە و دۆزینەوەی شوێنەواری ئەو قۆناغە مێژووییە لە دامێنی خۆرئاوای زاگرۆس لە كوردستاندا بەڵگەی ڕاستییەكانمانن.
دیارە جاران وەها دەزاندرا كە لە لێواری چۆم و ڕووبارەكان؛ دێرینترین نیشتیمانی مرۆڤ بوون. ئێستا لای مێژوونووسان ڕوون بووەتەوە كە دۆڵ و گەلی و دەشتایی و لاپاڵی چیاكان، هەزاران ساڵ، پێشی كەناری ڕووبارەكان لەلایەن مرۆڤەوە ئاوەدان كراوەتەوە.
هەتاوەكوو ئێستاش لەسەر خاكی كوردستان لێكۆڵینەوەیەكی ئەوتۆی گشتگیر و زانستی شوێنەوارناسی نەكراوە، سەرەڕای ئەمەش شوێنەواری لەمێژینەیی ژیانی مرۆڤ لە چەندین شوێن و گۆشە و كەناری ئەم وڵاتە بەردەست كەوتوون. لەوانە (بەردەبەڵگە) لە دەرەوەی شاری چەمچەماڵ كە دەریدەخات سەردەمی نیشتەجێبوونی دەستەكانی مرۆڤ لەو ناوچەیەدا بۆ سەردەمی دوا چەرخی بەستەڵەكی دەگەڕێتەوە، واتە لەنێوان سەد هەزار بۆ شەش هەزار ساڵی پێش ئێستا. هەروەها شوێنەواری تیدامانەوەی دەستەكانی مرۆڤ لە ئەشكەوتی (هەزارمێرد) كە دەكەوێتە دووری هەژدە كیلۆمەتر لە باشووری خۆرئاوای شاری سلێمانی كە بۆ سەردەمەكانی بوونی مرۆڤی نیاندەرتاڵ دەگەڕیتەوە. واتە لەنێوان سەد هەزار بۆ سی و پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا ژیاون. لە ئەشكەوتی (شانەدەر)ـیش لە بەشی خوارووی چیاكانی برادۆستی ناوچەی باڵەكایەتی پاشماوەی نیشتەجێبوونی مرۆڤی نیاندەرتاڵ دۆزراوەتەوە و دەركەوتووە كە شەست هەزار ساڵ پێش ئێستا، ئەو ئەشكەوتە شوێنی ژیانی مرۆڤ بووە. لە ئەشكەوتی (بابەخاڵ) لە نزیك (هەودیان) و سەراندۆڵی نێوان هەولێر و شەقڵاوەش، پاشماوەی هەمان سەردەم دۆزراونەتەوە. شوێنەواری زۆری دیكە پاش ئەو سەردەمانەش لە زۆر شوێنی دیكەی كوردستان دۆزراونەتەوە وەك ئەشكەوتی زەرزی ، باڵی كۆرا، چەرموو، باراك، كەریمشار، گردەجای، گردەماملك، زاوی چەمێ، گردی شمشارە، تەمەرخان، بارام تەپە، كێلەشین و …هتد.
شوێنەوارەكانی كوردستان پاشماوەی گرنگی ئەم چاخە دێرینانەن بۆ پەی بردن بەو مەودایە، كارود توێژینەوەكانی لە ساڵی ١٩٢٨ لە ناوچەی سلێمانی دەست پێ كرد و سەردانی هەردوو ئەشكەوتی زەرزی و هەزارمێرد كردووە، لە ئەشكەوتی زەرزی كە دەكەوێتە نزیكی شارەدێی سوورداش، چەندین شوێنەواری دۆزییەوە كە دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی دێرینی سەروو، ئەو كەرەستانەش كە تیایدا بەدیدەكرا؛ لەو جۆرانە بوو كە بە (مایكرۆلیت) ناسراوە و نیشانەكانی ئاماژە بەوە دەكەن كە دەگەڕێینەوە بۆ چاخی بەردینی ناوەڕاست كە هەتاوەكوو ١٢٠ هەزار ساڵی پێش لەدایكبوونی مەسیح درێژبووەتەوە، بەردەبەلگەڵ بە یەكەمینی ئەم نموونانە وێنا دەكرێت كە لە ساڵی ١٩٥١ـدا لەلایەن هەردوو شوێنەوارناسی ئەمریكی (برۆس هاو و هربرت رید) دۆزرایەوە، كە چەندین دەساوردی چاخی بەردینی دێرینی لەخۆ گرتبوو، لەوانە بەردی خڕ و چەقۆی جیاواز و تەوری دەستی بچووك لە جۆری (ئاشۆلین)، سەرەڕای دۆزینەوەی چەندین پەیكەری ئێسكی ئاژەڵ لە جۆری فیل و كەركەدەن و گامێش و كەرەكێوی، پاشان شوێنەوارناسی كەنەدی (تۆماس لۆی) لێكۆڵینەوەی لەسەر دۆزراوەكانی (بەردەبەڵگە) كرد، سەرەنجام گەیشتە ئەوەی كە پاشماوەی برژەی خوێنی مرۆڤێكی نیاندەرتاڵ لەسەر یەكێك لەو دۆزراوانە بدۆزرێنەوە كە بۆ نزیكەی سەد هەزار ساڵ پێش لەدایكبوونی مەسیح دەگەڕێتەوە. هەروەها شوێنەواری دیكەی ئەم سەردەمە لەلایەن (سنگر وایمەر) لە ئورومیە و (پدر مورتنسن) لە پل باریكی هەلیلانی لوڕستان و (ڕۆبرت بریدۆد) لە گردی گاگیەی خۆرهەڵاتی كرماشانەوە توانیان چەندین ئامێری چەرخی بەردینی دێرین بدۆزنەوە، وەكوو تەوری دەستی كە بۆ نزیكەی ٧٥ – ٧٠٠ هەزار ساڵی پێش لەدایكبوونی مسیح دەگەڕێتەوە.
دێرینترین شوێنەواری مرۆڤی دێرینیش لەم هەرێمەدا لەلایەن شوێنەوارناس (ڕاسف سوڵگی) بوو لە ئەشكەوتی شانەدەر كە پاشماوەی نیاندەرتاڵ بوو و بۆ نزیكی ٧٠ – ٤٠ هەزار ساڵی پێش لەدایكبوونی مەسیح دەگەڕێتەوە. هەروەها پاشماوەی شوێنی نیشتەجێبوونی دیكەمان هەیە بۆ ئەو سەردەمە، وەكوو (هەزارمێردی سلێمانی و تۆم تۆمەی ئورومیە و كل داوودی سەرپیلی زەهاو و بەرەكانی بن وارواس و كبەی كرماشان ئەشكەوتەكانی و دەوروبەری خوڕەماباد).
سەرچاوەكان :
1. سەرەتایەك بۆ مێژووی شارستانییە دێرینەكان – بەرگی یەكەم، نووسینی: تەها باقر، وەرگێڕانی: عوسمان عەزیز عەللاف و ئەفراسیاب ڕەشید كەریم، پێداچوونەوەی: كەمال نوری مەعروف
2. مێژووی كۆنی كورد، نووسینی: د. جەمال ڕەشید ئەحمەد و د. فەوزی ڕەشید، وەرگێڕانی: ملكۆ كەلاری
3. چیانشینانی زاگرۆس، نووسینی: هورمزی بیگلەری، وەرگێڕانی: حەمەی حەمەسەعید، پێشەكی بۆ نووسینی: د كەیوان ئازاد، پێداچوونەوە: سەریاس عەلی جوانڕۆیی
4. مێژووی ئارامییەكان لە كوردستاندا، نووسینی: شاسوار هەرشەمیی
5. كورد لە سەرچاوە مێژووییەكاندا، نووسینی: عەبدوڵا قەرەداغی