لەسەر داوای عێراق سبەینێ کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کۆدەبێتەوە و پرسی نیازی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر عێراق و مەترسییەکانی فراوانبوونی جەنگ لە ناوچەکەدا تاوتوێ دەکات.
حوسام زەکی، یاریدەدەری سکرتێری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی ڕایگەیاند” لەسەر داوای عێراق، کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی سبەینێ لەسەر ئاستی نوێنەرانی هەمیشەیی به سەرۆکایەتی یەمەن کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دەکات.”
لە کۆبوونەوەی سبەینێی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبیدا، یاداشتنامەی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێ دەکرێت سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئیسرائیل لەسەر عێراق لە مانگی ئەیلوولی ڕابردووەوە.
یاریدەدەری سکرتێری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دەشڵێت”سکرتارییەتی گشتی کۆمکاری عەرەبی، داوایەکی عێراقی بۆ بەستنی دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی پێگەیشتووە، بڕیارە سبەینێ کۆبوونەوەکە لە بارەگای سکرتارییەتی گشتی ڕێکبخرێت”.