دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند” بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی، پلانێكی تیرۆریستی مەترسیداریان لە كەركوك پوچەڵكردۆتەوەو چەند تیرۆریستێكیان دەستگیركردووە كە یەكێكیان بەناو ئەمیری كوردستانی داعشە”.
ئەمڕۆ شەممە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە راگەیندراوێكدا ئاشكرای كرد” تیمەكانیان بە هاوكاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی توانیویانە پلانێكی تیرۆریستی مەترسیدار لە پارێزگای كەركوك پوچەڵ بكەنەوە كە ویستوویانە لەڕێگەیەوە پێگە حكومییەكان و هێزە ئەمنییەكان بكەنە ئامانج لەپێناو تێكدانی دۆخی پارێزگاكە”.
زیاتر روونكراوەتەوە” لە چالاكییەكەی تیمەكانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانیدا، تۆڕێكی تیرۆریستانی داعش كە لە حەوت كەس پێكهاتبون هەڵوەشێنراوەتەوە كە لەنێویاندا بەناو ئەمیری كەرتی كوردستانی داعش بەناوی “ئازاد شاخی” هەبووە”.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە “هێزەكانی ئاسایش چوونەتە سەر شوێنی ئەو حەوت كەسەو گەمارۆیان داون و بەوهۆیەوە رووبەڕووبوونەوە دروست بووە یەكێك لە تیرۆریستەكان خۆی كوشتووەو ئەوانی دیكە دەستگیركراون”.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق روونیكردۆتەوە” لە چالاكییەكەدا دەستگیراوە بەسەر چەند ئامێر و كەرەستەیەك و هەروەها فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەواندا”.