ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت” لە ماوەی یەک مانگدا ١٣٣ حوکمی لەسێدارەدان لە کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمارکراوە”.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە” لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا پێشێلکارییەکی زۆر بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتی ئێران تۆمارکراوە کە لەو مانگەدا ١٣٣ کەس سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە”.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە” پێشێلکارییەکان بریتی بوون لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەبێ دەستەبەرکردنی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین، دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە، پێشێلکردنی مافی خوێندن، خۆکوشتنی منداڵان و هەرزەکاران، توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی بەرامبەر ژنان، جگە لە سەرپێچیکردن لە مافەکانی کرێکاران و بەکارهێنانی هێز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە”.
ڕێکخراوی مافی مرۆف لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا جەختی لەسەر” پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە و کاریگەری نێودەوڵەتی و ناوخۆی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو پێشێلکارییانە و پشتیوانی لە قوربانیان کردووەتەوە”.
هەروەها ڕێکخراوەکە تیشکی خستۆتە سەر چەند کەیسێک لەوانە جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان بەسەر جەمشید شەرمحد، هاوڵاتییەکی ئێرانی- ئەڵمانی، بە تۆمەتی” بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی”، هەروەها دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر میلاد ئارمون، عەلی ڕەزا کفایی، ئەمیر محەمەد خۆش-ئەقبال، نەوید نەجران، حوسێن نێمەتی و عەلی ڕەزا بەرمەرز، شەش لەو خۆپیشاندەرانە کە لەو دۆسیەیەدا دادگاییکراون.