ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت” ئەو هەڕەشانەی ئیسرائیل لە دژی عێراق دەستیپێکردووە، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنە عێراقییەکان سەبارەت بە شەڕی بەردەوامی ناوچەکە چاوەڕوان دەکران”. هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، ئەمڕۆ هەینی لە کۆڕبەندی مێپسدا لە دهۆک ڕایگەیاند” چاوەڕوانییەکان ئەرێنی نین بۆ ئەوەی لە جیهاندا بەگشتی دەگوزەرێت، ئەو شەڕەی لە ٧ی ئۆکتۆبەردا سەریهەڵدا، مەترسی لەسەر وڵاتان دروستکردووە و فراوانتر و درێژدەبێتەوە بۆ دەرەوەی کەرتی غەززە”. ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاشیگەیاند” وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دژی هەندێک ئامانج لە عێراق، ئەمە شتێکی زۆر چاوەڕوانکراوە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕوو بدات، بەهۆی هەڵسوکەوتی هەندێک لەم هێزە نادەوڵەتییانە”. زێباری دەستی خستە سەر بارودۆخی ئابوری عێراق و وتی” وڵات پشت بە یەک سەرچاوەی ئابووری دەبەستێت، ئەویش نەوتە کە نرخەکانی دابەزیوە و ناتوانین کۆنتڕۆڵی بکەین”. وتیشی” حکومەتی عێراق هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان دەدات، بەڵام ئەم بابەتە پێویستی بە کردار هەیە نەک قسە”.