بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێت، لە ماوەی چەند ھەفتەی داھاتوو ماستەرپلانی ١٠ ساڵەی ڕێگاوبان ڕادەگەینین.
دكتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ئەو ماستەرپلانەی ھەمانبوو ئێستا ئەبدێتمان كردۆتەوە، لە چەند ھەفتەی داھاتوو وۆركشۆپێك ئەنجام دەدەین و ماستەرپلانی تازە ڕادەگەیەنین كە نەخشەی ڕێگاوبان و جێبەجێكردنی شادەماری ڕێگاوبان دەبێت لە ھەرێمی كوردستان، دوای گفتوگۆكردن لە وۆركشۆپەكە پەسەند دەكرێت و بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ڕەوانە دەكرێت، بۆیە ئەگەر دووسایدەكانی ناو ماستەپلانەكە تەواوبكرێن، وەكو ڕێگای “ھەولێر- كۆیە” و “تونێلی ھەیبەت سوڵتان -ڕێگای دوكان بۆ خەلەكان” ھەمووی تەواو بكرێت و بكرێنە دووساید، ئەوكات دەتواندرێت بارھەڵگریش ھاتوچۆی پێدا بكەن، رێگاكان چینێكی باشی قیڕی لێدەدرێ و بەرگەی ژمارەیەكی زۆری بارھەڵگر دەگرێت بەسەریدا ھاتوچۆ بكەن.
دكتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا گوتیشی: ماستەرپلانی ڕێگاوبان، لە ساڵی ٢٠١٢، كۆمپانیایەكی بیانی ئامادەی كردبوو، زوو زوو پێویستی بە چاوپێداخشاندنەوە ھەیە، لەم كابینەیە ئەبدێت دەكرێت، ئێستا تەواوكراوە و باسی ھەموو ڕێگاكان كراوە، ئەوەی لە بواری جێبەجێكردن دایە و ئەوەی بۆ ١٠ساڵ دانراوە، بۆیە ئەو ڕێگایانەی هێشتا یەك سایدن دەكرێنە دووساید، بۆ نموونە ڕێگای ھەولێر بۆ حاجی ئۆمەران، ھەمووی دەكرێتە دووساید، لە ھەولێر تا سلێمانی و لەوێش بۆ كەلار تا دەگاتە مەرزی پەرێوزخان، ھەموو دەكرێتە دووساید و تونێل بە مواسفاتی بەرز دروست دەكرێن، ڕێگای خێراش لەناو ماستەرپلانەكە ھەیە، ئەویان بە پارە دەبێت و كەرتی تایبەت دروستی دەكات، لە زاخۆ بۆ دھۆك بۆ ھەولێر و بۆ سلێمانی و گەرمیان، ھەمووی بەیەكەوە دەبەستێتەوە، مەزندە دەكرێت ٥٠٠كم بێت، شوفێر وەستانی نابێت و بە كورتترین ماوە و بەخێراترین ڕۆییشتن دەگاتە شوێنی مەبەست لە خاڵە سنوورییەكان، ئەوەش بە قۆناغ و لە ماوەی دوو كابینەی داهاتووی حكوومەت كاری لەسەر دەكرێت، بۆیە گەر گرفتی دارایی نەبێت لە ماوەی ١٠ ساڵی داھاتوو جێبەجێ دەكرێت.