خەڵات ساڵح لاو
خوێندكاری بەشی مێژوو/ قۆناغی چوار لە زانكۆی سۆران
هەروەك ڕوون و ئاشكرایە عێڕاقی ئەمڕۆ، وڵاتێكە بەڕیتانیا بە پێی بەرژەوەندییەكانی خۆی وەكو ڕێگایەكی ستراتیژی گرنگ بۆ گەیشتن بە هیندستان لە ناوچەكە دروستی كردوە، لەو كاتەی جەنگی یەكەمی جیهانی دەرفەتێكی باش بووە بۆ دەست گرتن بەسەر ئەم ناوچەیە، هەرچەندە عێڕاق دوایی ساڵی ١٩٣٢ سەربەخۆیی بەدەست هێنا، بەڵام هەر لەژێر هەژموونی بەڕیتانیا بوو تاوەكو لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهانی (١٩٣٩_١٩٤٥) عەڕەبە ناسیۆنالیستەكان و نەتەوەكانی دیكە جوڵانەوەیان بۆ ڕزگار بوون ئەنجام داوە، لەوانەش جوڵانەوەی مایسی ١٩٤١ بوو كە هەموو پێكهاتەكانی عێڕاق تێدا بەشدار بوون، هەروەها شان بە شانی خەڵكی عێڕاق، خەڵكی كوردستانیش بەشێكی ئەم خۆپیشاندانەیان پێك دەهێنا لە هەموو چین و توێژێك بەژداریان لەو جوڵانەوەیە كرد.
باشووری كوردستان بەبێ ویستی گەلەكەی بە دەستی بەڕیتانیا لە پێناو بە دەستهێنانی مەرامەكانی خۆی لكاند بە عێڕاقی عەڕەبەوە، سروشتی كورد بەوە ناسراوە هەردەم حەزیان بە ئازادی و سەربەستی و سەربەخۆیی كردووە، لەو میانەشدا چەندین هەوڵی داوە دوای داگیركردنی عێڕاق، دواتر لە ڕێگای پەیماننامەی ١٩٣٥لە ژێر هەیمەنەی بەڕیتانیا دابووە ناسیۆنالیستە عەرەبەكان بە ئاوات بوون ڕزگاریان ببێت و مافەكانی عەرەب بە دەست بهێنن. یەك لەو هەوڵانە جوڵانەوەی مایسی ١٩٤١ بوو سەبارەت بە ڕۆڵی كورد بەشداری كردنی لەم بزوتنەوەیە زۆربەی سەرچاوە مێژوویەكان ئاماژە بە ڕۆڵی دیاری كورد دەكەن لە هەموو ناوچەكانی باشوری كوردستان، بە هەموو چین و توێژەكان و پیاوانی ئاینی و ڕۆشنبیران و ئەفسەران و سەرۆك هۆزەكان بەشداریان كردوە ئەمەش لە پێناو دژایەتی كردنی ئینگلیز و بەدەست هێنانی مافەكانی كورد .
هەروەك د.كەمال مەزهەر دەڵێت كوردستان وەكو گشت ناوچەكانی تری عێڕاق لە ڕۆژانی ئەم بزوتنەوەیە بە جارێك خڕۆش بوو ڕۆژنامەكانی ئەو سەردەمە بروسكەی پشگیری كوردیان بۆ ئەم جوڵانەوەیە بڵاو كردۆتەوە هەروەها ژمارەیەك كەسایەتی دیاری كورد لەوانە (كاكە زیادی كۆیە-حەوێز ئاغا غەفوری-…….) بروسكەی پشگیریان بۆ ڕشید عالی گەیلانی ناردووە چەندین وەفد لە هەموو ناوچەكانی كوردستانەوە چونەتە بەغدا پشگیریاب بۆ سەرانی جوڵانەوەكە دەربڕیوە لە لایەن ڕشید عالی گەیلانی پێشوازی گەرمیان لێ كراوە لە ڕۆژانی ئەم بزوتنەوەیە لە كوردستان خۆپیشاندان ئەنجام دراوە شاری هەولێر پێشەنگ بووە لە ئەنجامی بەژداری كردنی كورد فڕۆكە جەنگیەكانی بەڕیتانیا بۆڕدومانی چەند ناوچەیەكی كوردستانیان كردووە لە ١٢ مایسی ١٩٤١ لە ئەنجامی خۆپیشاندانەكەی هەولێر بۆ پشگیری بزوتنەوەكە فڕۆكەخانەی هەولێری بۆمباران كردوە. ئەم پشگیریە فراوانە لە كەركوك و سلێمانی و دهۆك و شارو شارۆچكەكانی دیكەی كوردستان
هەبووە ئەفسەران و سەربازانی كورد لە ڕیزەكانی سوپای عێڕاقی دا ڕۆڵی دیاریان هەبوە. بە دڵ و بە گیان لەگەڵ بزوتنەوەكە بوونە یەكێك لەو ئەفسەرانە (فایەق كاكەمین) كە ناوی خۆی نابوو هیتلەری كوردی كە گوایە بە قەد هیتلەر ڕقی لە ئینگلیزەكانە. یەكێكی تر لەو ئەفسەرە كوردانە(ڕەشید جەودەت)ە كە كە ڕۆڵی دیاری هەبوە كە سەرلەشكری سوپا بوو لە بەصڕا كاتێك وەصی عەبدولیلا لە ٣ نیسانی ١٩٤١ دەچێتە بەصڕا داوای یاخیبونی لێدەكات بەڵام ڕازی نابێت هەروەها ڕێگەی نەدا هێزی لەشكری بەڕیتانیاش بێتە بەصڕا بەمەش ڕۆڵی سەرەكی هەبوو لە پاراستنی بزوتنەوەكە. هەروەها (محەمەدئەمین زەكی) كە سەرۆكی ئەركانی سوپا بوو لە حكومەتی بەرگری نیشتیمانی ڕۆڵی دیار و بەرچاوی هەبوو لەو بزوتنەوەیە هەر لە سەرەتاوە.
زۆربەی سەرۆك هۆزەكانی كورد بەژداریان كردووە بە تایبەتی ئەوانەی خاوەن موڵك و سامان بون بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان لایەنگریان بۆ بزوتنەوەكە دەربڕیوە پیاوانی ئاینی لە ڕێگای فتواكانیان بۆ شەڕ كردن دژی ئینگلیزەكان هۆكاری كاریگەر بوونە بۆ بەژداری كردنی خەڵك لەم جوڵانەوەیەدا ڕۆشنبیرانی كورد ڕۆڵی دیاریان هەبوە لەوانە قوتابیانی زانكۆی بەغدا و پەیمانگای باڵای مامۆستایان وێرای بەژداری خۆپیشاندان چەندین بروسكەیان بۆ سەرای بزوتنەوەكە ناردوە لەسەر ئاستی كەسایەتیە دیارەكانی كورد لەوانە (شێخ محمود) كە دیارترین سەركردەی نیشتیمانی كورد بوو لەو سەردەمە كە بەهۆی هەڵوێستە نەتەوایەتیەكانیان لە لایەن حكومەتی عێڕاقی لە ساڵی ١٩٣١ بۆ باشوری كوردستان نەفی كرابوو تاوەكو هەڵگیرسانی بزوتنەوەی مایس چەندین هەوڵی داوە بگەڕێتەوە كوردستان بزوتنەوەی مایس هەڵگیرسا ئەمە دەرفەتێك بوو بۆ شێخ مەحمود بگەڕێتەوە سلێمانی هەر چەندە بیروڕای جیاواز هەیە لە بارەی گەڕانەوەی لەوانە لۆنگریك دەڵێت :شێخ مەحمود لە بەغدا ڕای كردووەو گەڕاوەتەوە سلێمانی بۆ ئەوەی شۆڕش دژی بزوتنەوەو حكومەتی گەیلانی بەرپا بكات بەڵام ئەمانە ڕاست نین چونكە دەبینین كوردەكان بەژداری دیاریان هەبوە هەم بە بروسكە و نوێنەر و خۆپیشاندان لایەنگریان بۆ جوڵانەوەكە دەربڕیوە باشترین بەڵگەش ڕەئوفی كوڕی شێخ مەحمود یەكێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق بوە دەنگی لادانی وەصی داوە وێڕای ئەم پشگیریانە بەڵام هەندێ لە ڕوناكبیر و كەسایەتیە دیارەكانی كورد هەر چەندە دژی بەڕیتانیەكانن بەڵام پێیان وابوو سەرانی بزوتنەوە شۆفێنی عەڕەبن لەوانە نوری شاوەیس صالح حەیدەری كە ئەوكات قوتابی بوون لە بەغدا هەر چەندە بەڕیتانیەكان لە كاتی بزوتنەوەكە هەوڵیان دا مستەفا بارزانی بگەڕێتەوە دژی ڕەشید عالی بوەستێت بەرامبەر بە چەك و ماڵ و سامانی زۆر بەڵام مستەفا بارزانی ڕەتی كردەوە ئەمە مانای لایەنگری بزوتنەوەكە نیە بەڵكو ئەو نە دژ بوو نە لایەنگریش بەڵكو باوەڕی بە سەربەخۆیی كوردستان هەبوو
دەرەنجام:
عێڕاقی نوێ وڵاتێكی گرنگە لە ڕووی شوێنی ستراتیژیەكەی دەوڵەمەندی بە سەرچاوە سروشتەكەی ئەمە بەردەوام بۆتە جێگای چاو تێبڕینی وڵاتانی زلهێزو دەستی بەسەر دابگرن ئەوەی جێگای باسە عێڕاقیەكان ڕازی نەبوون بە هەژمون و دەسەڵاتی بەڕیتانیا هەر بۆیە دوای جەنگی دووەمی جیهانی دەستیان كرد بە دروستكردنی جوڵانەوە دژی بەریتانیەكان لەوانەش جولانەوەی مایسی ١٩٤١ بوو سەبارەت بە ڕۆڵی كوردیش ڕۆڵی دیاریان هەبو لە پاڵپشتی بزوتنەوەكە دژی ئینگلیزەكان بە هەمو چین و توێژەكانەوە هەرچەندە ئەم بزوتنەوەیە لە ژێر كاریگەری ڕووداوەكانی جیهان سەری هەڵدا بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێ وەك پێویست پاڵپشت و هاوكار نەبون وەكو كوردەكان .
سهرچاوهكان :
١کەمال مەزهەر ئەحمەد ،چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی گەلی کورد.
٢ مەهدی محمد قادر، پێشهاتە سیاسیەکانی کوردستان ( ١٩٤٥١٩٥٨)،سەنتەری ستراتیژی کوردستان ،سلێمانی ٢٠٠٥.
٣ محەمەد عەبدوللا كاكەسوور ، رۆلى سياسى و كەلتورى ئەفسەرانى كورد لە بزافى كوردايەتى كوردستانى باشوردا ، 1921-1945 ،.