زاری كرمانجی-سۆران
پزیشكێكی پسپۆری نیشتەجێی دێرینی نەشتەرگەری جوانكاری، زانیاری لەبارەی كاریگەری هێزی كێش كردنی زەوی لەسەر پێست بۆ زاری كرمانجی دەخاتەڕوو.
د. بەشدار حسێن مستەفا، پزیشكی نیشتەجێی دێرینی نەشتەرگەری جوانكاری و ڕێككاری، بە زاری كرمانجی گووت ” ” هێزی كێشكردنی زەوی هێزێكی بەردەوامە كە كاریگەری لەسەر هەموو بەشێكی جەستەمان هەیە لە نێوانیشیاندا پێستیش یەكێكە لەو ئەندامانەی كە كاریگەری لەسەری هەیە و هۆكارێكە بۆ بۆ پیربوون و تێكچوونی پێستمان، بە تێپەڕبوونی كات هێزی كێشكردنی زەوی كاریگەری دادەنێت لەسەر پێستمان بەوەی كە دەبێتە هۆی شلبوونەوە و چرچبوونی پێستمان، بەتایبەتی لەو شوێنانەی كە پێستی لەشمان ناسكترە، وەك ڕووخسار و ملمان”.
دەشڵێت: ” هۆكترەكەی ئەوەیە كە هێزی كێشكردن بەرەو خوارەوە پەستان دەخاتە سەر پێستمان و بە ئاراستەی خوارەوە ڕایدەكێشێت، بەوەش بە تێپەڕبوونی كات شانەكانی ژێرەوەی لاواز دەكات وا دەكات پێستمان لۆچ دەركەوێت و بەرەو خوارەوە شۆڕ بێتەوە، كاریگەریەكانی هێزی كێشكردن لەسەر پێستمان زۆرتر لە ڕووخساردا دیارە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە تەنكترین و ناسكترین پێستمان هەیە لە دەم و چاوماندا لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنمان ڕەنگە تێبینی پیربوو بكەین لە پێستماندا بەمانەی خوارەوە :
- شلبوونەوەو هاتنەخوارەوەی ڕوومەتەكان
- دابەزینی پێڵوی چاو
- كۆبوونەوەی پێستی زیادە و چەوری لە بەشی خوارەوەی ڕووخسار
- چرچبوونی پێستی مل
لە كاتێكدا ناتوانین بە تەواوی لە كاریگەرییەكانی هێزی كێشكردنی زەوی ڕزگارمان بێت، بەڵام چەند ڕێكارێكی خۆپارێزی هەیە كە كاریگەریەكانی پیربوونی پێست دوا دەخات و خاوی دەكاتەوە وادەكات گەنجتر دەربكەوین:
*كەمتر مانەوەی جەستە لە باری ستونی لە شێوەی وەستان بە پێوە و زیاتر مانەوەی لە باری ئاسۆیی بە شێوەی پاڵكەوتن و ڕاكشان لەسەر پشت ، بەمەش كاریگەری كێشكردن كەمتر دەبێتەوە لەسەر پێست .
*پێستت بپارێزە لە تیشكی خۆر: زیانەكانی خۆر پیربوونی پێست خێراتر دەكات، بۆیە گرنگە هەموو ڕۆژێك دژەخۆر بەكاربهێنیت، تەنانەت لە ڕۆژانی هەوریشدا. - بەكارهێنانی شێداركەرەوە بۆ پێستت : هێشتنەوەی پێستت بە شێداری یارمەتیدەرە بۆ چەوركردنی پێست و كەمكردنەوەی دەركەوتنی چرچ و لۆچی .
*خۆراكی تەندروست بخورێت : ڕێجیمێكی دەوڵەمەند بە میوە و سەوزە و دژە ئۆكسێنەر یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی پێستت لە تێكچوون. - ڕەچاوكردنی ڕێكارەكانی جوانكاری: جۆرەها ڕێكاری جوانكاری بەردەستە كە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ توندكردنەوە و بەرزكردنەوەی پێستی شلبووەوە.
بە گرتنەبەری ئەم هەنگاوانە دەتوانین یارمەتیدەر بین بۆ خاوكردنەوەی كاریگەرییەكانی هێزی كێشكردن لەسەر پێستمان و پاراستنی سیمایەكی گەنجانە بۆ ماوەیەكی زیاتر.