”دڵنیایی دراوە لە دوای پرۆسەی سەرژمێری، داتای خەڵکی ئەو ناوچانە بە داتاکانی سەرژمێریی ساڵی 1957 بەراورد بکرێت”
بەختیار سەباح-زارى کرمانجى:
جوان عەبدوڵڵا، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ”سەرژمێریی ئەمجارە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو، تەنها سەرژمێری نیە، بەڵکوو ئەمجارە پرۆسەکە گشتگیرو فراوانترە، لەبەرئەوەی زانیاری لەسەر زۆر بواری ژیان و گوزەرانی خەڵک تۆمار دەکرێت”.
ئاماژەى بەوەشکرد، ”بۆ هەرێمی کوردستان ئەم سەرژمێرییە کاریگەری دەبێ لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عیراقدا، لە هەمان کاتدا کاریگەریی لەسەر ئاییندەی یەکلاییکردنەوەی پرسی ناوچە کوردستانییەکانیش دەبێ.”
لەبارەى ناوچەکانى ماددەى ١٤٠ پتر روونیکردەوە، “سەرەتا ترس و نیگەرانی هەبوو، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە دیموگرافییەی لە ناوچەکەدا کراوە، تا ئێستا ناوەرۆکی مادەی ١٤٠ جێبەجێ نەکراوەو لەم ناوچانە دەبوایە خەڵکی رەسەن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان”.
زیاتر گووتى: ”بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جار وەفدی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی عێراق کۆبووەتەوە، دواتر بەهۆی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم، حکوومەتی فیدراڵ بڕیاری دا تێبینیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەرژمێریی ناوچەکانی ماددەی 140 لەبەرچاو بگیرێت و به پێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سەرژمێریی ساڵی 1957 بکرێتە بنەما.”
جوان عەبدوڵڵا، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، باسى لەوەشکرد، دڵنیایی دراوە لە دوای پرۆسەی سەرژمێری، داتای خەڵکی ئەو ناوچانە بە داتاکانی سەرژمێریی ساڵی 1957 بەراورد بکرێت و داتا و زانیاریی خەڵکی ئەو ناوچانە دەگەڕێندرێتەوە بۆ شوێنی ڕەسەنی خۆیان نەک شوێنی نیشتەجێبوونیان.