زارى کرمانجى-سۆران:
بە مەبەستی جێبەجێكردنی بڕیارو رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تایبەت بە پرۆسەى سەرژمێری گشتی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.
راگەیاندنی ئیدارەى سەربەخۆی سۆران بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ى تشرینى دووەمى ٢٠٢٤، بە سەرپەرشتی حەكیم تێلی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەى سەربەخۆی سۆران، بە بەشداریی هەژار بەهرام بەڕێوەبەری ئاماری ئیدارەى سەربەخۆی سۆران و ئەندامی لیژنەی سەرژمێری، بەڕێوەبەری کارگێڕیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ئەندامانی تری لێژنەى سەرپەرشتیی پرۆسەی سەرژمێری، كۆبوونەوەیەك بەڕێوەچوو”.
ئاماژەى بەوەشکردووە، بەشداربووانى کۆبوونەوەکە پێکهاتبوون لە؛ نوێنەری بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی، پەروەردە، كشتوكاڵ، پۆلیس، ئاسایش، چاپ و بڵاوكردنەوە، وەرزش و لاوان .
باسى لەوەشکردووە، لە كۆوونەوەكەدا، گفتوگۆ دەربارەی چۆنیەتی هاوکاریی هێزە ئەمنییەكان کرا، کە پاڵپشتیی تیمەكان بکەن بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و هاوكات بڕیاردرا تیمەكانی تەندروستی و پۆلیسی هاتووچۆ لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، لە ئامادەباشیدا بن.
لەمبارەیەوە، جێگری سەرپەرشتیار پاڵپشتی و هاوكاریی ئیدارەى سەربەخۆی سۆرانی بۆ جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەكان دووپاتكردەوە.