پەیوەند موسڵیح ساڵح
خوێندكاری بەشی مێژووی زانكۆی سۆران
دوای كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم لە ساڵی ١٩٤٥، ئەڵمانیای نازی بەپێی ڕێككەوتنی (یاڵتە) بەسەر چوار ناوچەی داگیركراودا دابەش كرا. وڵاتە داگیركەرەكان بریتی بوون لە ئەمریكا، یەكێتی سۆڤیەت، بەریتانیا و فەرەنسا، هەر چوار ناوچە داگیركراوەكەی ئەڵمانیا لەلایەن ئەم چوار زلهێزەی جیهانەوە بەڕێوە دەبران. دابەشكردنەكە وای كرد بەرلینی پایتەختیش ببێت بە چوار پارچەوە.
لە هەمان ئەو ساڵانەدا جەنگی سارد لە نێوان هەر دوو بلۆكی سۆسیالیستی (خۆرهەڵات) و بلۆكی سەرمایەداری (خۆرئاوا) دەستی پێ كرد و بەرلین بووە گۆڕەپانی جەنگی هەواڵگریی نێوان ئەو دوو بلۆكە.
دروستكردنی دیوارەكە :
١٣ی ئابی ١٩٦١ دەستكرا بە دروستكردنی دیوارەكە، دیوارێك گەلی ئەڵمانیای دوو لەت كرد و دواتر بە دیواری بەرلین ناسرا. ئامانج لە دروستكردنی ڕێگرتن بوو لە دیاردەی كۆچ بەرەو ئەڵمانیای خۆرئاوا، بەڵام ئەڵمانیای خۆرهەڵات پاساوی ئەوەی دەهێنایەوە كە دەیەوێت ڕێ لە دزەكردنی سیخوڕ و دوژمنەكانی بەری خۆرئاوا بگرێت، پێی وابوو هێشتا لەو بەرەی ئەڵمانیا نازییەت لە بەرگێكی دیكەدا بەردەوامە.
لە ماوەی چەند هەفتەیەك دیوارێك بە درێژای ١٥٥كیلۆمەتر و بە بەرزی ١٢ مەتر دروست كرا، سەر دیوارەكەش كرابووە تەلی دڕكاوی و تاوەری چاودێری لەسەر دروست كرا و ئامێری ئاگاداركردنەوەشی تێدا دانرا.
لەو كاتەدا كە دیوارەكە دروست كرا، ڕۆژانە ٥٠ هەزار كەس لە بەرلینەوە دەچوونە ئەڵمانیای خۆرئاوا، لەوێ پارەیەكی زیاتریان دەست دەكەوت، جگە لەوەش بی بەرامبەر شوێنی نیشتەجێبوونیان پێ دەدرا و لەوێ دەمانەوە.
گەیشتن بە ئەڵمانیای خۆرئاوا هەروا ئاسان نەبوو، خەڵكێكی زۆر دەیانویست بە دیوارەكەدا بچنە ئەو دیو، نزیكەی ١٣٨ كەس لەپێناو گەیشتن بە ئەو دیوی دیوارەكە گیانیان لەدەستدا. هەندێكیان بە گوللەی پاسەوانی سنوورەكانی ئەڵمانیای خۆرهەڵات كوژران و هەندێكیشیان لە ئاوی ساردی ڕووباری سپریدا خنكان. (ڕووباری سپری یان شپریە بە بەرلیندا دەڕوات).
بەكارهێنانی ناوی دیواری بەرلین :
بەرپرسانی ئەڵمانیای دیموكرات ناوی دیوارەكەیان نابوو دیواری پاراستن لەدژی فاشیزم، و بەشی خۆرئاواش ناوی نابوو (دیواری عەیبە)، كە ویلی براندت ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ئەم ناوەی لێنا و بە دیواری ڕێگری لە ئازادی دانا.
هەروەها لە ئەورووپا بە دیواری ئاسنین ناوزەند دەكرا، چونكە بەشی خۆرئاوا و ئەورووپای لە بەشی شیوعی جیهان جیا دەكردەوە لە ماوەی جەنگی سارددا
ڕووخاندنی دیوارەكە:
لە ساڵی ١٩٨٩ گرژی و خۆپیشاندان لە بەشی خۆرهەڵات دروست بوو و درێژەی كێشا، دوای چەند هەفتەیەك لە بەردەوامی خۆپیشاندان، بە ناچاری حكومەت لە ٩/١١/١٩٨٩ ڕایگەیاند خەڵكی ئازادن لەوەی سەردانی بەشی خۆرئاوا بكەن، دواتریش خۆپیشاندەران چوونە سەر دیواری بەرلین و لەو لاشەوە خەڵكی ڕۆژئاواش هاتنە پاڵیان و پێكەوە گردبوونەوە.
خەڵكی لەسەر دیوارەكە بە چەكوش دەستیان كرد بە یەكخستنەوەی وڵاتەكەیان و ڕووخاندنی دیوارەكە، و لە ٢٢/١٢/١٩٨٩ یەكەمین دەرگا كرایەوە لە دیوارەكەدا بەناوی براندبۆرگ، دواتریش بە ڕەسمی لە ١٣/٦/١٩٩٠ دەستكرا بە ڕووخاندنی تەواوی دیوارەكە و لە مانگی یازدەی ١٩٩١ تەواو بوو.
حەوت زانیاری سەرسورهێنەر لەسەر دیواری بەرلین :
١. درێژیی دیواری بەرلین، زیاتر لە ١٤٠ كیلۆمەتر بوو.
٢. نزیكەی پێنج هەزار كەس ویستوویانە بەسەر دیواری بەرلیندا هەڵبێن و نزیكەی ٢٠٠ كەس بەو هۆیەوە كوژراون.
٣. ساڵی ١٩٦٣، سەربازێكی ئەڵمانیای خۆرهەڵات تانكێكی دزی و بەسەر دیواری بەرلیندا هەڵات.
٤. حكومەتی ئەڵمانیای خۆرهەڵات بانگەشەی ئەوەی دەكرد: دیواری بەرلین بۆ پارێزگاریكردنە لە دژی فاشیستەكان.
٥. ساڵی ١٩٧٩ ژنێكی سوێدی لەبەردەم چەند كەسێكدا هاوسەرگیریی لەگەڵ دیواری بەرلین دا كرد.
٦. ساڵی ١٩٦٤، لە تونێلێكی ژێر دیواری بەرلینەوە، ٥٧ كەس لە ئەڵمانیای خۆرهەڵات هەڵاتن.
٧. ساڵی ١٩٨٩ دیواری بەرلین ڕووخێنرا.
ئەنجام :
١- بووە هۆی دابەشبوونی زۆرێك لە خێزانەكان.
٢- دابڕانی خەڵكی بەرلینی خۆرهەڵات لە خۆرئاوا لە كارەكانیان.
٣- هەزاران ئەڵمانی خۆرهەڵات لەكاتی هەوڵدان بۆ پەرینەوە گیراون و ١٩١ كەسیش كوژراون.
٤- لە ڕۆژئاوا دیواری بەرلین وەك هێمایەكی سەرەكی ستەمكاری كۆمۆنیستەكان سەیر دەكرا.
سەرچاوەكان :
یەكەم: جەنگی سارد (ئالاسدر نیكلس _لەفارسیەوە ئاگری ئەفشین)
دووەم: زلهێزەكان لە جەنگی یەكەمی جیهانیەوە تاكۆتای جەنگی سارد 1914_1991)
سێیەم: جەنگی سارد . ڕۆبەرت جەی مەكمان/ وەرگێڕان : شاناز ڕەمزی هیرانی