مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە ماوەی مانگی ڕابردوو زیاتر لە 6 هەزار حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراق تۆمار كراوە و بەپێی ئامارێكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران بەراورد بە مانگی ڕابردوو دوو بەرامبەر زیادی كردووە .
لە ئامارێكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق كە ئەمڕۆ دووشەممە 18ی تشرینی دووەم بڵاوكراوەتەوە “لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ،34951 گرێبەستی هاوسەرگیری لە عێراق كراوە، هەروەها ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەرانیش بۆ هەمان مانگ 6696 حاڵەت بووە.”
هۆكارەكانی جیابوونەوەی هاوسەران، هەر وەكوو ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاماژەی بۆ كردووە “كێشەی ئابووری و كۆمەڵایەتی و هەژاری، هۆی سەرەكی جیابوونەوەی هاوسەرانن.”
زۆرترین ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی كەرخ بووە .