مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەیەكی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێكی دا كە پشتی بە چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگریی سوپای ئیسرائیل بەستووە ڕایدەگەیەنێت “ئیسرائیل لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری و كوشتنی چەند كەسایەتییەكی دیار، هەڕەشە لە عێراق دەكات،”
ڕۆژنامەی (مەعاریف)ی ئیسرائیل، لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگرییەوە بڵاوی كردەوە “ئێران لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەكانی بۆ سەر ئیسرائیل، چەند مووشەكی بالیستی مەودا نزیكی بە قاچاخ بردووەتە عێراق،”
دەشڵێت “ئەم مووشەكانە دەكرێت لە ناو ئاو یان تانكییەكانی نەوتدا شاردرابنەوە و ڕەوانەی عێراق كراون.”
ڕۆژنامەی ناوبراو ئاماژەی بەوەش كردووە كە چاوەكانی ئیسرائیل لەسەر عێراق و بە پلانی ورد كار دەكات بۆ وەڵامدانەوەی هەر گرژییەك كە لە عێراقەوە ڕووبەڕووییان ببێتەوە، دەشڵێت كە ئیسرائیل بە بەرپرسانی عێراقی گوتووە ئەگەر چیتر لە عێراقەوە هێرش بكرێتە سەر ئەوان، دەست لە بەئامانجگرتنی چەند كەسایەتییەكی دیار و ژێرخانی ئابووری عێراق ناپارێزن.
لە ماوەی مانگی ڕابردوو زیاتر لە 90 هێرشی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان لە عێراقەوە كراوەتەوە سەر ئیسرائیل و چەندین جاریش ئیسرائیل هۆشداری بە عێراق داوە كە ڕێگا نەدات خاكەكەی بەكار ببرێت بۆ هێرشكردنە سەر ئەوان .