راژان عەبدولڕەحمان
ئەمڕۆ ڕۆژێکە هاوکاتە لە گەڵ ڕۆژی پەلاماردانی هەرێمی کوردستان, پێنج ساڵ بەر لە ئێستا واتە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2017،
ئەم هێرشەی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان دوای ئەو خیانەتە هات کە لە لایەن گروپێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە کە لە پێشمەرگە و گەل و خاکی پیرۆزی کوردستان کرابوو، بووە هۆی داگیرکردنی کەرکوك و ناوچەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
نەیاران بەمەش نەوەستان قۆناغی دووەمی هێرشەکەیان دەست پێکرد بەرەو هەولێری پایتەخت. ئامانجی سەرەکی ئەم پیلانگێڕییە بە گشتی بریتی بوو لە سڕینەوەی یەکجاری ئەزمونی فیدڕاڵی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت سڕینەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بەشداری کردنی هێزێکی هەرێمی و عیراقی و حەشدی شەعبی و چەندین گروپی توندڕەوی تری سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران.
بەڵام پێشمەرگە قارەمانەکانی پارتی و بارزانی لێیان هاتنە دەست و لە ڕووبەڕووبونەوەیەکی قارەمانانەی بێ وێنەدا هێرشی داگیرکاران و ناحەزانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان توشی شکستێکی گەورە هاتن و زیانێکی مادی و گیانی زۆریان بەرکەوت؛ وانەیەکیان بە داگیرکاران و خیانەتکارانی نیشتیمان دا جارێکیتر هەڵەیەکی لەم جورە دوبارە نەکەنەوە و، مەرام و ئەجندای سیاسی دوژمنان لە گۆڕنرا.
لە شەڕی پردێ و سحێلادا سەرکەوتنی پێشمەرگەی پارتی وبارزانی سەرکەوتنێک بوو دژی عێراق و ئێران و گروپی ئەلقە بەدەست و خاکفرۆشی یەکێتی و چەندەها گروپی توندڕەوی تر کەبووە هۆی پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان و ناسنامەی نەتەوەییمان وکەرامەتی گەلی کوردستان.
بۆیە یادکردنەوەی ڕۆژێکی وەها پڕشنگدار هەموو ساڵ جارێک پێویستیەکی حاشا هەڵنەگرە، تاکو خیانەتێکی وەها گەورە وەبیر ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بێنینەوە و ڕاستی ڕوداوێکی وا گەورە پێشانیان بدەین و بزانن کە ئەم دوخە پارێزڕاو و سەقامگیرەی ئێستای هەرێمی کوردستان هەروا نەهاتوتە دی، بەڵکوو بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خوڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان.