مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی لووتكەی جی 20، بە سەردانێكی فەرمی دەچێتە بەڕازیل، بەڵام بوونی ڕەتڵێك فڕۆكە كە یاوەری ئەردۆغان دەكەن بۆ ئەم سەردانە، مشتومڕی بە دوای خۆیدا هێناوە و پەرلەمانتارێكی پێشووی حیزبەكەی ئەردۆغان دەڵێت “پێویستە سەرۆككۆمار خەرجییەكانی كەم بكاتەوە.”
سەرۆككۆماری توركیا بڕیارە لە 18 و 19ی ئەم مانگە، بە سەردانێكی فەرمی بگاتە وڵاتی بەڕازیل بۆ بەشداریكردنی كۆبوونەوەی لووتكەی جی 20، لەم سەردانەدا جگە لە فڕۆكە تایبەتەكەی سەرۆككۆمار، سێ فڕۆكەی دیكەش كە یەكێكیان بۆ ستافەكەی و ئەوەی تریان بۆ ڕۆژنامەنووسان و فڕۆكەیەكی گەورەی بارهەڵگریش بۆ ئۆتۆمبێلەكانی، یاوەری گەشتەكەی دەبن.
سەلچوك ئۆزداغ، پەرلەمانتاری پێشووی ئاكپارتی و یاریدەدەری پێشووتری ئەردۆغان، لەسەر زۆری خەرجییەكانی سەرۆككۆمار لە كاتی گەشتەكانی دا بە ڕۆژنامەی سۆزجو ی توركی ڕاگەیاند “ئەو جۆرە سەردانانە گرنگن، بەڵام دەبێت سەرۆككۆمار خەرجییەكانی كەم بكاتەوە و لە خۆیەوە دەست پێ بكات، پێویستە لە كاتی گەشتەكاندا شاند و پاسەوانەكانی سنووردار بكات و كەمیان بكاتەوە، لایەنی كەم بە یەك فڕۆكە گەشتەكەی بكات و تەنیا پەیامنێری ئاژانسی ئەنادۆڵو و تەرەتە یاوەری بكەن. تەنانەت پێویست ناكات ئۆتۆمبێلەكانی خۆشی لەگەڵ خۆیدا ببات.”