زاری كرمانجی-سۆران:
ئهمڕۆ شەممە، 16-11-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی خولی چوارەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان گوتی: “خۆشحاڵم بەشداری لە ئاهەنگی دەرچوونی پۆلێکی نوێی پارێزەرانی نیشتیمان و بەشێکی گرنگ و سەرەکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەم.”
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەمڕۆ ڕۆژێکی تایبەتە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، کە بەرهەمی ماندووبون و ڕەنجی گەورەی دەرچووان و مامۆستایان دەبینین.” گوتیشی: “زۆر خۆشحاڵم کە دەبینینم 769 گەنجی وڵاتەکەمان بە گڕوتینێکی نوێ و چەکدار بە زانست و دیسپلینی سەربازی لەم کۆلێژە بەتوانایە دەردەچن.”
باسی لەوەش کرد، “ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە، لەو دەرچووانە 48 یان خانمن، ئەوان دوای نۆ مانگ خوێندن و ڕاهێنان بەپلەی ملازم دەردەچن، هەروەها خوێنێکی نوێ بەبەر هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا دەکەن.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕاشیگەیاند، “خواستی ئێوە بۆ پەیوەندی کردن بە کۆلێژی سەربازییەوە، دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، نیشانەی دڵسۆزی و هەستی قوڵی نیشتیمانی و بەرپرسیارەتی ئێوەیە.”
جەختیشی کردەوە، “ئێوە ڕێگەیەکی سەختتان هەڵبژاردووە، کە ڕێگەی خزمەتکردنی نیشتیمان و پاراستنی دەستکەوت و بەها باڵاکانی گەلەکەمانە، ئەمەش سەرەتای وەرچەرخانێکی گرنگ و پێویستە لە مێژووی پێشمەرگایەتی و هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان.”
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت، “ئافرەتانی کوردستان بەدرێژایی مێژووی خەباتی گەلەکەمان، سەلماندوویانە کە هاوبەشی سەرەکی و کاریگەرن لە بونیادنانی نیشتمان و بەرگریکردن لە خاک وڵات.”
سەرۆکی هەرێم لە درێژەی وتارەکەیدا گوتی، “پێشمەرگە لە ڕۆژی دامەزراندنی تاوەکوو ئەمڕۆ، ئەو هێزە شکۆدارە، بەردەوام قەڵغانی پۆڵاین و پتەو بووە بۆ پاراستنی کوردستان و دەستکەوتەکانی.”
ڕاشیگەیاند، “ئێمە لە هەرێمی کوردستان باوەڕێکی قوڵ و پتەومان هەیە، کە پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکانمان، پێویستە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی و پیشەیی سەربەخۆ بن”، هەروەها دەبێت دووربن لە هەموو جۆرە ناکۆکی و ململانێی سیاسی و حزبی، ئەو هێزە دەبێت سەر بە بەنیشتیمان و سەر بەگەلی کوردستان بن بەهەموو پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستانەوە”.